قەزای كفری
ناوەكانیان ببینە
فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 168 فەرمانبەرەکەی کفری دەرچوو
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
فەرمانی دەستبەركاربوون بۆ 168 گەنج لە كفری دەرچوو، كە دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانی قەزاكەن، ئەمەش بەپێی نووسراوێك كە دوێنێ دەرچووە و ئەوان لە 2024 فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچووبوو.
لەئەنجامی مانگرتنی مانگی تەمموزی 2023ی دانیشتووانی قەزای کفری، ئەوکات ژمارەیەک بەڵێنیان پێدرا، کە یەکێک لەوانە دامەزراندنی 168 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بوو.
ئومێد کەرەم، یەکێکە لەو گەنجانەی دامەزراوە بە 964ى وت، “لەرێگەی پەیوەندی تایبەتەوە پێمان راگەیەندرا کە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆمان دەرکردووە”.
“بڕیارە سبەینێ نووسراوەکە بگاتە ئیدارەی گەرمیان و لەوێشەوە بۆ قایمقامیەتی قەزای کفری، بۆ ئەوەی رێکارە ئیداریەیکان دەستپێبکەین و دەست بە دەوامی خۆمان بکەین”، ئومێد کەرەم وای وت.
بەپێی فەرمانەکە، ئەو 168 کەسە لەسەر داھاتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزراون، بەپێی پسپۆرییان لە فەرمانگە جیاوازەکانی قەزای کفری دەستبەکار دەبن.