"بەڵێنەکانیان وەک گۆچانە"
دانیشتووانی حەوت گوند گردبوونەوە و گلەییان لە خراپی رێگاکانیان هەیە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
ژمارەیەک لە دانیشتووانی حەوت گوندی رێگای نێوان هەردوو ناحیەی شۆڕش و سێگردکان گردبوونەوە و گلەییان لە خراپی رێگای گوندەکانیان هەیە.
هاشم عوبێد مامۆستا و وتارخوێنی گوندی بانیماران بە 964ـی وت، “ساڵی رابردوو ویستیان رێگای گوندەکەمان قیرتاو بکەن، بەردی بناغەی پڕۆژەکەیان دانا، هەرکە هەڵبژاردن تەواو بوو پڕۆژەکەیان جێهێشت، بەڵێنەکانیان وەک گۆچان خوارە و جێبەجێی ناکەن”.
“هەر لەم رێگایەدا سەیارە هەبووە لە رۆژێکدا سێ تایەی تەقیوە، بەڕاستەی فیتەرەکان خەنی بوون، ئەوەندە سەیارەمان تێکچووە و بردوومانەتە لایان”، مامۆستا هاشم وای وت.
964 ناڕەزایەتی دانیشتووانی ئەو گوندانەی گەیانده کۆسار حەمەد بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی کۆیە، ئەو وتی، “کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بەهۆی نەبوونی پارەوە پڕۆژەکەی جێهێشتووە و ئێمەش چاوەڕێین پارەی پێویستی بۆ خەرج بکرێ تا کارەکانی ئەو پڕۆژەیە دەستپێبکاتەوە”.
وتیشی، “هەفتەی پێشوو لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە پەیوەندیان پێوە کردووم کە دەرخستەیەک بکەم بۆ ئەو شوێنانەی رێگاکە کە زۆر پێویستە، پێش باران بارین قیرتاو بکرێن، ئێمەش شەش کیلۆمەترمان دیاریکردووە و چاوەڕێین ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارەکە بدات.
هەموو ئەو رێگایە 21 کیلۆمەتر دەبێت و یەک سایدە، هەردوو ناحیەیی سێگردکان و شۆڕش بەیەکەوە دەبەستێتەوه کە حەوت گوندیش کەوتوونەتە سەر ئەو رێگا سەرەکییە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری