خوا دایناوە بۆ بەستنی ئەو کەرەستانەی مەترسی دزینیان لەسەرە
برغوویەک دروستکراوە کە ئەگەر بەسترا بە هیچ ئامێرێک ناکرێتەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە پێشانگای نێودەوڵەتی بونیاتنان لە عێراق کە لە شارى هەولێر بەڕێوەدەچێت، جۆرە برغوویەک نمایش کراوە کە ئەگەر بەسترا کرانەوەی نییە و ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە دزینی تاوەرەکانی کارەبا دروست کراوە.
عەتائوڵا مورادی بەڕێوەبەر و خاوەن بیرۆکەکە کە هاوڵاتییەکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە 964ـی وت، “برغوو بە قەبارە و شێوازی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنین و هەناردەی دەرەوەی وڵاتی دەکەین، ئێستاش شانازییە بۆ ئێمە کە هاتووینەتە هەولێر و بەشداری ئەم پێشانگایەمان کردووە”.
باسی لەوەشکرد، ماوەیەک لەمەوبەر بیری لەوە کردووەتەوە کە شتێک دروست بکات رێگری لە دزینی تاوەری کارەبا و کەرەستەکانی بکات، بۆیە برغوویەکیان دروستکردووە کە فیوزێکی لەناودایە و کاتێک بەسترا، فیوزەکە دەپچڕێت و ئیدی هیچ ئامێرێک ناتوانێ برغووەکە بکاتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری