دیمەنێک لە ئاگرەکە وێنە: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
سەرەڕای بای بەهێز
ئاگرەکەی قەرەداغ دوای چەندین کاتژمێر کۆنترۆڵکرا
964+
ژێوار خدر
هەرچەندە کەشوهەوا بەرەو فێنکی دەڕوات، بەڵام ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بەردەوامە و دوای نیوەڕۆی دوینێش لە شاخی قەڵا قایمەزی قەزای قەرەداغ ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە و دوای هەوڵێکی زۆر کە چەندین کاتژمێری خایاند، توانرا کۆنترۆڵ بکرێت و بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 70 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی سووتان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، تیمەکانیان بە هاوکاریی پۆلیسی بەرگریی شارستانی و هاوڵاتیانی ناوچەکە، دوای هەوڵێکی زۆر و ماندووبوونێکی زۆر، کاتژمێر 11:00ی شەوی رابردوو، توانیویانە بەتەواوی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی سەختیی ناوچەکە، بای بەهێز و کەوتنەخوارەوەی کۆتەرە بە پشکۆوە، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە قورس بووە و چەند جارێک سەریهەڵداوەتەوە.
دەشڵێت، تا ئیستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە.