کەمال محەمەد وەزیرى کارەبا و وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت... وێنە: پەیجى وەزارەتى کارەبا
وەزیرى سامانە سروشتییەکان
“ئەگەر حکومەتى عێراق تێچوى پاڵاوتنى نەوت بە 4 دۆلار بۆمان حساب بکات ئێمەش بەنزینى 450 دینارى دەدەین”
وریا فەتاح
وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێم، لەبارەى بەنزینى 450 دینارى هاتە دەنگ و دەڵێت: ئەگەر عێراق وەکخۆیان تێچووى پاڵاوتنى نەوتى هەرێم بۆ پاڵاوگەکان بگرێتە ئەستۆ، ئامادەین بۆ پێدانى بەنزینى 450 دینارى بە هاوڵاتیان.
لە راگەیەندراوێکدا، کەمال محەمەد وەزیرى سامانە سروشتییەکان بڵاوى کردەوە، كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە نزیكەی 220-250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
روونیشى کردەوە، تەنیا كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەستی بە بەرهەمهێنان (جزئى)كردووەتەوە، بەهۆی ئەو چەند هێرشە درۆنییەی كە كرابووە سەری و زیانی بەركەوتووە.
لەبارەى بەنزینى 450 دینارى، کەمال محەمەد وتى،” حکوومەتی فیدراڵی تێچووی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ پاڵاوگەکانی خۆی بە پێنج هەزار و 900 دینار (نزیکەی چوار دۆلار) هەژمار دەکات، بەڵام بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلارە. هەر کاتێک بەغدا ئەو نەوتەی دەیداتە هەرێم بە چوار دۆلار بۆمان هەژمار بکات، ئێمەش بێگومان بەنزین بە 450 دینار دەدەینە هاووڵاتییان”.
ئاشکراشى کردووە کە لە ئێستادا رۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل دەپاڵێورێت، لە کاتێکدا خواستی ناوخۆیی دەگاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆیە دەبێت بڕی پاڵاوتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.
بە وتەى کەمال محەمەد، رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە، ئێستاش چاوەڕێی راسپاردەی ئەو لیژنەیەن بۆ سەرۆكى پەرلەمانى فیدراڵ، تاوەکوو بزانرێت چ بڕیارێک لەو بارەیەوە دەدرێت.