ناتەنیاهۆ:

هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێكرد

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتەنیاهۆ ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوانی لە شاری غەززە دەستپێکردووە و بارودۆخەكەی بە “قۆناغێکی چارەنووسساز” وەسف کرد.

ناتەنیاهۆ لە بەردەم دادگای تەلئەبیبدا وتی: داوای دانیشتنی داخراوم نەکرد بۆ ئەوەی تێبگەم دەوڵەتی ئیسرائیل لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکە دوای شەپۆلێکی چڕوپڕی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر کەرتی ئیسرائیل دێت.

لای خۆیەوە، ئەڤیچای ئەدرایی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکی عەرەبیدا رایگەیاند، “سوپا دەستیکردووە بە تێکدانی ژێرخانی حەماس”، هۆشداریی بە دانیشتوانی غەززەش دا شارەکە “ناوچەیەکی شەڕی مەترسیدارە” و داوای چۆڵکردنی ئەوانی کرد بۆ باشوور لە رێگەی رێگای ڕەشیدەوە.

بەپێی خەمڵاندنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، تا ئێوارەی دووشەممە زیاتر لە 350 هەزار فەلەستینی شاری غەززەیان بەجێهێشتبوو، واتە زیاتر لە 40%ی دانیشتووانەکەی، پێشبینییش دەکرێت شەپۆلەکانی ئاوارەبوون بەردەوام بن لەگەڵ پێشکەوتنی مانۆڕی زەمینیدا.

بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ سی ئێن ئێن و وۆڵ ستریت جۆرناڵ پشتڕاستیان کردەوە کە لە ئێستاوە هێرشی زەمینی دەستیپێکردووە و روونیشیان کردەوە کە لەشکرکێشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا.

شەوی رابردوو ئیسرائیل تۆپبارانی چڕی چەند گەڕەکێکی غەززەی كرد، لەوانە شێخ رەدوان، ئەلکەرەمە و تەلئەلحەوا. فەلەستینییەکان هەواڵی جووڵەی تانکەکانی ئیسرائیلیان لە شەقامی ئەلجەلا لە ناوەندی شارەکە راگەیاند.