مه‌رجه‌كانیشی بڵاوكردووه‌ته‌وه
خوێندنی باڵای هه‌رێم زه‌ماله‌ی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرای له وڵاتى سعودیه راگه‌یاند
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وه‌زاره‌تى خوێندنی باڵای هه‌رێم، زه‌ماله‌ی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرای له وڵاتى سعودیه راگه‌یاند و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیانیش، ده‌توانن به‌شداری له‌و زهمالهیهدا بكه‌ن.
وه‌زاره‌ته‌كه، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ئاگادار ده‌كاته‌وه كه حكومه‌تی شانشینی عه‌ره‌بی سعودی زه‌ماله‌ی خوێندنی بۆ هه‌ردوو به‌رنامه‌ی (ماسته‌ر و دكتۆرا) راگه‌یاندوه، هه‌ركه‌سێك ئاره‌زوی خوێندنی له زانكۆكانی وڵاتی سعودیه هه‌یه به له‌به‌رچاوگرتنی تێبینی و مه‌رجه‌كان ده‌توانێت داواكاری پێشكه‌ش بكات.
مه‌رج و داواكارییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ماسته‌ر و دكتۆرا، بریتین له‌وه‌ى كه پێشكه‌شكار ده‌بێت هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان بێت و ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ر یان مامۆستا بێت له داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا ده‌بێت به لانیكه‌م دوو ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت له پاش به ده‌ستهێنانی دوایین بروانامه. به‌ڵام بۆ ده‌رچوانی به‌رنامه‌ی تواناسازی ده‌بێت به لانیكه‌م پێنج ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت.
هه‌ر به‌پێی مه‌رجه‌كان، پێشكه‌شكار ده‌بێت كۆنمره‌ی به‌كالۆریۆسی بۆ خوێندنی ماسته‌ر له 65% كه‌متر نه‌بێت و بۆ خوێندنی به‌رنامه‌ی دكتۆرا ده‌بێت كۆنمره‌ی ماسته‌ری له 70% كه‌متر نه‌بێت.
سه‌باره‌ت به تێستی توانستی زمانی ئینگلیزی، پێویسته پێشكه‌شكار ته‌واوی ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م به‌رنامه‌یه بخوێننه‌وه كه داواكاری بۆ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
داواكار ده‌بێت له هه‌مان بواری خۆی داواكاری بۆ به‌رنامه‌ی ماسته‌ر پێشكه‌ش بكات، واتا به‌كالۆریۆس و ماسته‌ره‌كه‌ی له هه‌مان بوار بێت بۆ خوێندنی به‌رنامه‌ی دكتۆرا ده‌بێت ماسته‌ر و دكتۆراكه‌ی له هه‌مان بوار بێت.
كاندیدی سه‌ركه‌وتوو ئه‌گه‌ر دامه‌زراو بێت، ئه‌وا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ته‌نیا مۆڵه‌تی خوێندنی پێده‌درێت واته به موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ده‌رماڵه جێگیره‌كان.
كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له لایه‌ن وڵاتی شانشینی عه‌ره‌بی سعودی پشتگیری دارایی به شێوه‌ی به‌شی (جزئیه) یاخود به شێوه‌ی گشتی (كامله) ده‌كرێت.
پێشكه‌شكردن راسته‌وخۆ و ته‌نیا له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی سه‌ره‌كی زه‌ماله‌كه ده‌بێت.
هه‌ركه‌سێك ئه‌م مه‌رج و ڕێنماییانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تیایدا به‌رجه‌سته نه‌بێت، دواجار مۆڵه‌تی خوێندنی پێ‌نادرێت.
دواكات بۆ پێشكه‌شكردن تاوه‌كو رۆژى 31.10.2025
له رێگه‌ی ئه‌م لینكه‌وه داواكارییه‌كه‌ت پێشكه‌ش به سه‌رچاوه‌ی زه‌ماله‌كه بكات: