دوێنێ لە زەڵم بوون و ئەمڕۆ لە بۆگد

پاڵەوانەکانی سۆران شارەوشار دەگەڕێن

ئاکام غەفوور – سۆران

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران ماندوونەناسانە و پاڵەوان ئاسا شارەوشار دەگەڕێن بۆ یارمەتیدانی هاوکارەکانیان، دوێنێ لە زەڵم بوون و ئەمڕۆ لە بۆگد.

وەک دەزانن هەفتەی رابردوو کچێکی بەنەتەوە عەرەب کەوتەناو ئاوی زەڵم و تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، دوێنێ تیمێکی بەرگری شارستانی سۆران چوونە ناوچەکە، رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە 964ـی وت، “تیمەکە لە پێنج کەس پێکهاتووە و لە وڵاتی فەڕەنسا راهێنانیان پێکراوە، لەسەر داواکاری برایانمان لە هەڵەبجە رەوانەی ناوچەکە کراون”.

ئەمڕۆ تیمەکەی سۆران کۆتاییان بە ئەرکەکەیان هێنا لە ناوچەی هەورامان و دەچنە سەیرانگای بۆگد لە کۆیە، چونکە دوێنێ ئێوارە لەوێش گەشتیارێکی دیکەی عەرەب خنکاوە ئەویش تا ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری