وشکەساڵی کەم نەبوو، ڤایرۆسیش هات

“سەروەت و سامانم نەما”

ماسیفرۆشێکی خانەقین تەماشای وشکبوونی ئاوەکانیان دەکات – میدیازان

میدیازان – راژان ماجید – خانەقین

ئەگەرچی چەند ساڵێکە لە خانەقین و دەوروبەری وشکەساڵی بە قورسی دەستیپێکردووە، بەڵام خاوەنی حەوزەکانی ماسی هەر بەردەوامییان دا بە کارەکانیان، ئێستا ڤایرۆسێک هاتووە و ئەو خەونەی هەیانبوو لەناوی دەبات.

عەلی زەرگۆشی، خەڵکی حەمرینە و تەمەنی ٤٠ ساڵە، یەکێکە لە بەناوبانگترین ماسیفرۆشەکانی ئەو دەڤەرە، رۆژانە ماسی بۆ شارەكانی گوڵاڵە و خانەقین و كەلار و شارەبان و باقوبە دەبات.

ئەو بە میدیازانی وت، “وشکبوونی بەنداوی حەمرین كاریگەری زۆری لەسەر کارەکەمان هەبووە، هەربۆیە ناچاربوین هەستین بە دروستکردنی حەوزەکان، بەڵام ئێستا ڤایرۆسێک بەرۆکی گرتوین و ماسییەکانی لەناوبردوین”.

بەنداوی حەمرین لەسەر رووباری ئەڵوەند هەڵکەوتووە، رووبەرەکەی سێ هەزار و ٣٦٠ مەترە، سێ ساڵە بە بەردەوامی ئاستەکەی کەم دەکات و ئەمساڵ تاوەکو ئاستی سفر ئاوی تیادا نەماوە.

بە قسەی عەلی زەرگۆشی، لە رۆژانی رابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار ماسی مرداربوونەتەوە و زیانی ٤٠ ملیۆن دیناری پێگەیشتووە.

بە قسەی دکتۆرێکی ڤێتێرنەری، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری پەیدابوونی ڤایرۆسەکەیە.

دكتۆر عەلی تاڵیب، پسپۆڕی ڤێرتێرنەری بۆ میدیازانی باسکرد، گۆڕانی کەش و هەوا هۆکاری پەیدابوونی ڤایرۆسی “هێربس”ە، کە تووشی کۆئەندامی هەناسەی ماسی دەبێت و بە زووی دەیکوژێت.

ئەو ڤایرۆسە بە ئاسانی ماسییەکان بۆ یەکتری دەگوازنەوە و هیچ دەرمانێکیش نییە بکرێتە ناو حەوزەکە بۆ چارەسەرکردنیان.

میدیازان چاویی کەوت بە چەندین ماسیفرۆشی دیکە، هەمووان بۆڵەیان بوو لە دەست ئەو ڤایرۆسە و ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، “کار وا بڕوات، دەبێت واز لە ماسیفرۆشی بهێنین”.