"وەک ئەوەیە ریشسپییەکمان لەدەستدابێ"
کەوتنی پیرەدارێک گوندێکی کوردستانی خەمبار کرد
964+
ئاکام غەفوور – خەلیفان
باوبۆرانی چەند رۆژی رابردوو پیرەدارێکی لە عەرزدا و بەوەش خەڵکی گوندێک تازیەباربوون.
دارەکە داربەڕووە و لە گوندی جۆلەمێرگی خەلیفانە، هەرچەندە چەند لقێکی بەپێوە ماون، بەڵام زەحمەتە بتوانن خۆبگرن و جارێکی دیکە سەرهەڵبدەنەوە، محەمەد جۆلەمێرگی لە تەنیشت دارەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “وەکوو ئەوە وایە ریشسپییەکمان لەدەستدابێ و هەموو خەڵکی گوندەکە بۆی خەمبارن”.
“تەمەنی دارەکە لەبیری ئێمەدا نییە و رەنگە زیاتر لە 200 ساڵ بێ”، محەمەد جۆلەمێرگی وادەڵێت.
باسی ئەوەش دەکات، هەرچی خۆشی و ناخۆشی گوندەکەیە، لەژێر سێبەری ئەو پیرەدارەدا بووە و شوێنی حەوانەوەی جوتیار و رێبواران بووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری