شه‌و و رۆژ وه‌ك یه‌ك وایه‌

تونێلی میراوه ‌10 ساڵە تەواو کراوە و رووناکی بۆ نەبەستراوە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى شه‌قڵاوه‌ تونێلێك هه‌یه‌ به‌ناوى میراوه‌، به‌ شه‌و و رۆژ هه‌ر تاریكه‌، هۆكاره‌كه‌ش وه‌ك قایقمام ده‌ڵێت،‌ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار تونێله‌كه‌ى ته‌واوكردووه‌، به‌ڵام به‌ تاریكی راده‌ستى حكومه‌تى كردووه‌ته‌وه ‌و سستمى رووناكى بۆ دانه‌ناوه‌.

نزیكەی 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تونێلى میراوه‌ دروستكراوه‌و‌ به‌ رووی شۆفێراندا كراوه‌ته‌وه‌، به‌شێكه‌ له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و فراوانكردنى‌ رێگاى سه‌ره‌كى و ستراتیژى هامڵتۆن، كه‌ هه‌ولێر به‌ حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

رێگای هامڵتۆن، به‌ناوى ئەندازیارى نیوزیلەندی (ئەرچیباڵد میلان هامڵتۆن) ناونراوه‌، كه‌ خاوه‌ن بیرۆكه‌ و ئه‌ركى سه‌رپه‌رشتیكردنى دروستكردنى ئه‌و رێگا ستراتیژیه‌ى گرتبووه‌ ئه‌ستۆ، ساڵی 1928 ده‌ستیپێكرد و ساڵی 1932 تەواو كرا، درێژى ئه‌و رێگایه‌  نزیكەی (200) كیلۆمەتره‌.

كاروان كه‌ریمخان قایمقامی قه‌زاى شه‌قڵاوه‌، بۆ تۆڕى 964، ئه‌وه‌ى دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیاى به‌ڵێنده‌ره‌، ته‌واوى كاره‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌واو بكات و وتیشى “كۆمپانیای به‌ڵێنده‌ر، به‌شێكی لایه‌نه‌ هونه‌ریه‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ته‌واو نه‌كردووه‌، له‌وانه‌ش سستمى رووناكى بۆ دانه‌ناوه‌”.

رێگای هامڵتۆن، به‌ناوى ئەندازیارى نیوزیلەندی (ئەرچیباڵد میلان هامڵتۆن) ناونراوه‌، كه‌ خاوه‌ن بیرۆكه‌ و ئه‌ركى سه‌رپه‌رشتیكردنى دروستكردنى ئه‌و رێگا ستراتیژیه‌ى گرتبووه‌ ئه‌ستۆ، ساڵی 1928 ده‌ستیپێكرد و ساڵی 1932 تەواو كرا، درێژى ئه‌و رێگایه‌  نزیكەی (200) كیلۆمەتره‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ماوه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى كاره‌با و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كارى رووناككردنه‌وه‌ى ئه‌و تونێله‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وتیشی “له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا كێشه‌ى نه‌بوونى رووناكى بۆ ئه‌و تونێله‌ چاره‌ىسه‌ر بكه‌ین”.

تونێلی میراوە درێژیەكەی 380 مەترە، لەساڵی 2014 تەواوكراوە، دەكەوێتە نێوان شارۆچكەی شەقڵاوە و ناحیه‌ی هەریر، بەهۆى ئه‌وه‌ى له‌ شه‌و و رۆژدا تاریكه‌، ناچار  هه‌ر شۆفێرێك پێیدا ره‌ت بێت، دەبێت لایتی ئۆتۆمبێلەكەی ئیش پێبكات تا بتوانێت لە تونێلەكە دەردەچێت.