لە هەشت مانگدا

لە زاخۆ 129 تۆمەتبار لەسەر خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەستگیرکراون

ئەحمەد مستەفا

ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ لە راگەیەندراوێکی ڤیدیۆیی رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە هەشت مانگی رابردوودا، توانیوویانە 129 تۆمەتبار دەستگیربکەن.

سەرجەم تۆمەتبارەکان لەسەر مامەڵەکردن و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی رێکاریان لە دژ گیراوەتەبەر.

ئەمڕۆ شەممە 29.8.2026، وتەبێژەکەی پۆلیسی زاخۆ لە رێگەی ئەفسەری نوسینگەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی هەوڵی روونکردنەوەی داوە لەبارەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و دەڵێ، سەرجەم ئەوانەی دەستگیرکراون رادەستی دادگا کراون.

ئەفسەرەکە داوای کردووە، لینکی سەرچاوە نادیار نەکرێتەوە و زانیاری و دیمەن و ڤیدیۆ لە رێگەی هەژمارەی نەناسراو ئاڵوگۆڕ نەکرێ.

یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن:

یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن (یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008) یاسایەکە لە هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی ئەو کەسانەی هێڵەکانی تەلەفۆن، ئینتەرنێت، یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ زیان گەیاندن بە خەڵک بەکاردێنن.

ئەم یاسایە چەند بەشێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ئەو کارانەی بەپێی ئەم یاسایە قەدەغەن
یاساکە رێگری لەم کارانە دەکات ئەگەر لە رێگەی مۆبایل، ئینتەرنێت، یان پۆستی ئەلیکترۆنییەوە بکرێن:

-هەڕەشەکردن لە خەڵک.
-جنێودان و ناوزڕاندن (تەشهیر).
-بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ بۆ ترساندنی خەڵک.
-بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی خەڵک بەبێ مۆڵەتی خۆیان.
-گوێگرتن لە تەلەفۆنی خەڵک یان دزینی زانیارییەکانیان.

سزاکانی یاساکە چیین؟
ئەگەر کەسێک یەکێک لەم تاوانانە بکات، دادگا بەپێی ماددەی 2 لەم یاسایە یەکێک لەم سزایانەی بەسەردا دەسەپێنێت:

بەندکردن: بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت.
غەرامە: پێ بژاردنی پارە لە نێوان یەک ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینار.
یان دادوەر دەتوانێت هەردوو سزاکە پێکەوە بەسەر تاوانبارەکەدا بسەپێنێت.