بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی:
“ئاوی سەرچنار بۆ نیوە کەمی کردووە و ئەوەش گرفتی زۆری بۆ دروست کردووین”
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
کێشەی کەمئاویی شاری سلێمانی بەرەو چارەسەربوون دەڕوا و ئێستا بە تێكرا چوار رۆژ جارێک ئاو دابەش دەکرێت.
بەهۆی کەمبارانی و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، ئەمساڵ سلێمانی وەک زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هاوینێکی سەختی بەڕێکرد، ئامانج جەلال بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ـی وت، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، لە هاوینی ئەمساڵدا ئاوی سەرچنار بۆ نیوە کەمی کردووە و ئەوەش گرفتی زۆری بۆ دروست کردوون و ناچار بوون زۆر جار پێنج رۆژ جارێک یا زیاتریش ئاو بدەن بە هەندێک گەڕەک”.
ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە بێ بارانی، جاربەجار شکانی بۆری و بڕانی کارەبا کێشەیان بۆ دروست دەکات، بەڵام بە گشتی ئێستا کێشەکانیان چارەسەر کردووە و بە تێکڕا چوار رۆژ جارێک ئاو دەدەن بە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و وردەوردە پێدانی ئاو ئاسایی دەبێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری