بە شاشەیەکی ئەلیکترۆنی هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە

چیدی لە سۆران لافیتە رەشەکەی پرسە لە کوچە و کۆڵان هەڵناواسرێ

ئاکام غەفور – سۆران

چیدی لە سۆران لافیتە رەشەکەی پرسە لە کوچە و کۆڵان هەڵناواسرێ و بە شاشەیەکی ئەلیکترۆنی هاوڵاتیان لە تەعزییەی یەکتر ئاگادار دەکرێنەوە.

پێشتر لە ناو بازاڕی شارەکە و بە تایبەتیش لە فولکەی ناو بازاڕ، رۆژانە ژمارەیەکی زۆری لافیتەی پرسە هەڵدەواسران، شارەوانی دەیەوێت لە رێگای ئەم کارەوە سیمایەکی جوانتر بە سۆران ببەخشێت، شاشە ئەلیکترۆنییەکەش بێ بەرامبەرە و پرسەی هاوڵاتیان بڵاو دەکاتەوە.

بژار سەعید، سەرۆکی شارەوانی سۆران، بە 964ـی وت،”بەردەوام ژمارەیەکی زۆری لافیتە لە ناو بازاڕ هەڵدەواسرا، دەمانەوێت لە رێگای ئەم شاشەیە ئەم دیاردەیە نەهێڵین، جگە لە لافیتەی پرسە، رێگەش نادین چیتر خەڵک بە دڵی خۆی فلێکس و پۆستەر لە ناو بازاڕ هەڵبواسێت”.

شاشە ئەلکترۆنییەکە لە ئەمشەو 3.9.2025 کەوتووەتە کار و رۆژانە ئەو پرسانە نیشان دەدات کە لە شارەکە هەیە و خەڵک لە جیاتی هەڵواسینی لافیتە، نوسراوی سەر لافیتە بۆ ژمارەکەی شارەوانی دەنێرێت لە رێگای ئەم ژمارەیەوە، 07504825021.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری