تیمەكانی تەندروستی لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشێكی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون
وەزارەتی تەندروستی:
حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک دەستنیشان کرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانیشتووی قەزای سیمێلە و تەمەن 43 ساڵە و پیشەی قەسابە.
وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ شەممە 30.8.2025 بڵاویكردەوە، پیاوەكە بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، ئێستاش لەژێر چاودێریی پزیشکییە لە نەخۆشخانە و خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت، تا ئێستا باری تەندروستیشی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات رێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن، كە وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردووەتەوە.
“لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە، هەروەها هاوڵاتیانی بەرکەوتووی ئاژەڵ، یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن”، وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.
هەروەها دەڵێن، تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا، دەرەنجام تەنیا نۆ حالەت دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، کە دوو حاڵەتیان لەبەر خراپیی باری تەندروستی، گیانیان لەدەست دا و حاڵەتەکانی دیکە بە تەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.
دوو رۆژ لەمەوبەر بەهۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، 27 گوندی سنووری قەزای سێمێل بۆ ماوەی 45 رۆژ کەرەنتینکراون، ڤێرتێرنەری پارێزگای دهۆکیش رایگەیاندبوو، لە سەرەرای هەفتەی داهاتوو (واتا لە ئەمڕۆوە) دەست بە هەڵمەتی پاککردنەوە و کۆتانی مەڕ و ماڵاتی سنووری پارێزگایەکە دەکەنەوە.