رەچاوی رێنماییەکانی سەلامەتیان نەکردووە
“لە خورماتوو 35 کارگە داخران”
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئیدارەی قەزای خورماتوو لە رێگەی لیژنەیەکەوە هەڵمەتێکی چڕی چاودێری کردنی سەرجەم کارگەکانی سنوورەکەی دەستپێکرد و تائێستا 35 کارگەیان داخستووە و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.
زولفیقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو بە964ـی وت،” بۆچاودێری کردنی کارگە و کۆمپانیا ئەهلییەکانی قەزاکە، لیژنەیەکمان پێکهێنا کە پێکهاتبوون لە پۆلیسی ناوخۆ و پۆلیسی ژینگە، لەهەڵمەتەکەشدا بەهۆی رەچاونەکردنی و نەبەونی سەلامەتی و خۆپارێزییەوە 35 کارگە و کۆمپانیای ئەهلیان داخست.
وتیشی، ئامانج لەم هەڵمەتە بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران و کارمەندانی کۆمپانیاکانە لە هەر روداوێکی نەخوازراودا، کە روودەدات، بەو پێیەی کرێکاران بەهۆی نەبوونی پێداویستیە تایبەتییەکان لە کاتی کارکردندا ژیانیان لە مەترسیدایە.
بەشێکی دیکە لەو کارگانەش، دوایین هۆشداریان پێ دەدرێت و دەبێت رێنمایە خۆپارێزیەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا جێبەجی بکەن، بە پێچەوانەوە جگە لە سزای ماددی، شوێنەکانیان پێ دادەخرێت.
لە سنووری قەزای خورماتوو زیاتر لە100 کارگەی جۆراوجۆر هەن، کە بەشێکیان پێکهاتوون لە کارگەی دروستکردنی “بلۆک – گەچ – کاشی – تابوک”و چەند بەشێکی تر، ئەو کارگانەشی لەم هەڵمەتەدا دادەخرێن، هیچ مەرجێکی سەلامەتیان بۆ کرێکاران تێدا نیە.
پێداچوونەوە:هاوبەش