قیرتاو دەستیپێكردووە
شارەوانیی هەولێر 407 تۆن قیری لە شەقامەكاندا بەكارهێناوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر دەستی بە قیرتاو و چاككردنەوەی بەشێك لە شەقام و رێگەوبانی گەڕەكەكانی هەولێر كردووە، بۆ ئەمەش رایگەیاندووە بڕی 407 تۆن قیریان بەرهەمهێناوە و بەكارهێناوە.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، لە ژمارەیەك گەڕەك و شەقامی هەولێر، دەستی بە كاری قیرتاوكردن و چاككردنەوە كردووە، كە لە رێگەی هەر شەش بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی لە شارەكە، ئەنجامدەدرێن.
بە گوێرەی راگەیاندراوی شارەوانی، ئەو گەڕەك و شەقامانەی قیركراونەتەوە و چاككراون، ئەمانەن:
گەڕەکی سێتاقان نزیک مزگەوتی سەید غەریب، شەقامی کۆیە نێوان هەردوو شەقامی 30 مەتری و 60 مەتری، دووسایدی نێوان شوقەکانی زەکەریا و شوقەکانی شەهیدان، شەقامی عەنکاوە و شەقامێکی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ، شەقامی 100 مەتری پێش قوتابخانەی نالی، گەڕەكەكانی زانکۆ و 99 و گەڕەکی کوردستان و هەروەها بەردەم بازاڕی لەنگە لە 40 مەتری.
ئاماژە بەوەش دەكەن، لە رێگەی كارگەی قیری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانی، 407 تۆن قیریان بەرهەم هێناوە و بەكاریان بردووە.