دارفرۆشانی هەولێر بۆ 964

“بازرگانان بەدەست باجی نایاساییەوە دەناڵێنن”

964+

رێباز خدر – هەولێر

دوکانداران و کاسبکارانی بازاڕی دارفرۆشانی هەولێر ماوەی نزیکەی شەش مانگە کار و کاسبییان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیەش وەک خۆیان دەڵێن، بۆ ئەو بڕە پارە زۆرە دەگەڕێتەوە کە لە بازگەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لە بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت کاتێک دار بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەگوازنەوە.

جەوهەر جەعفەر، سەرۆکی ئەنجومەنی دارفرۆشانی هەولێر، بە 964ـی وت، بازرگانانی شارەکانی عێراق ئێستا کەمتر دار لە هەولێر دەکڕن، ئەمەش لەبەرئەوەی لە بازگەکاندا بڕە پارەیەکی زۆریان لێ وەردەگیرێت کە لە نێوان ملیۆنێک و 450 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و هەندێک جار دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، ئەمەش بەپێی جۆری دارەکە دەگۆڕێت.

وتیشی، ئەم تێچووە زیادەیە وایکردووە کە نرخی گواستنەوەی دار لە هەولێرەوە بۆ ناوچەکانی تری عێراق هێندە بەرز بێتەوە، کە هاوشێوەی نرخی هاوردەکردنی دارە لە دەروازەی ئوم قەسری بەسڕە، لەبەر ئەوە، بازرگانان ئێستا پێیان باشترە راستەوخۆ لەوێوە دار هاوردە بکەن، چونکە تێچووەکەی کەمترە.

یەکێکی دیکە لە دوکاندارەکان بە ناوی وەلید بیلال بۆ 964 وتی، جگە لە باجی گومرگی ئاسایی، شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر، کە هەندێک جار دەگاتە 10 رۆژ، رادەگیرێن.

بە بڕوای ئەو دوکاندارە، ئەم کارە بە ئەنقەست دەکرێت بۆ بێزارکردنی شۆفێرەکان و ساردکردنەوەیان لە گواستنەوەی بار لە هەولێرەوە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی بازاڕی دارفرۆشانی هەولێر و کەمکردنەوەی کاریگەریی بازرگانییەکەی لەسەر ئاستی عێراق.

بازاڕی دارفرۆشانی هەولێر لە ساڵی 2007 دامەزراوە و نزیکەی 40 دوکان و کۆگا لەخۆدەگرێت، ئەم بازاڕە وەک ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ بۆ کڕیار و بازرگانانی دار لە سەرانسەری عێراق دادەنرێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

نرخی دار هێندەی نەوت بەرزبووەتەوە

نرخی دار هێندەی نەوت بەرزبووەتەوە