لە 128 پڕۆژە 74ـیان ناوەکانیان بیانیین
زۆربەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر ناوەکانیان کوردی نین
+964
فەهمی نەبی
زۆرینەی پڕۆژەکانی هەولێر ناوەکانیان بیانییە، جگە لەو پڕۆژانەی رێگای کۆیە زۆرینەیان کوردین.
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی964، دەرکەوتووە لەکۆی 128 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەشاری هەولێر رێژەی %58یان ناوەکانیان بیانین و %42 ناوەکانیان کوردیین.
زۆنی زێڕ و زۆنی ئەڵماس، ئەو دوو بەشەی هەولێرن کەزۆربەی پڕۆژەکانیان ناوی بیانین.
زۆنی زێڕ، دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر، لەشەقامی 100 مەتری گەڕەکی 32ـی پارک دەستپێدەکات تاکو عەنکاوە، هەرچی زۆنی ئەڵماسە لەناحیەی عەنکاوە دەستپێدەکات تا کۆتایی رێگای پیرمام، بەهەردوو زۆنەوە 43 پڕۆژەیان لێ ئەنجامدراوە.
بەقسەی یونس قەهار، شارەزا لەبواری عەقارات، لەم دوو زۆنە ڤێلا هەیە بەهاکەی حەوت بۆ هەشت ملیۆن دۆلارە.
“هەرزانترین مەتردوجا زەوی لەم دوو زۆنەدا 22 وەرەقەیە، گرانترینیشی دەگاتە 45 وەرەقە” یونس قەهار وای وت.
لە زۆنی زێڕ لە کۆی 29 پڕۆژە تەنیا دووانیان ناوەکەیان کوردییە.
زۆنی ئەڵماس، پڕۆژەکانی رێگای پیرمام و شەقامی 120 مەتری دەگرێتەوە و 21 پڕۆژەی لێیە و 14 پڕۆژەیان ناوەکانیان بیانیین و تەنیا حەوتیان کوردیین.
لەرێگای پیرمام، 13 شوقەی نیشتەجێبوون دروستکراون، لەم ژمارەیە شەش پڕۆژەیان ناوەکانیان کوردیین و حەوتيشیان ناوەکانیان بیانین.
بەراورد بەو دوو زۆنە، پڕۆژەکانی رێگای کۆیە کەژمارەیان 29 پڕۆژەیە، بەجۆرێک 20 پڕۆژەیان ناوەکانیان کوردیین.
هەرچی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی شەقامی 60 مەتری بۆ رێگای کەرکوکە کەژمارەیان 10پڕۆژەیە، تەنیا چواریان ناوەکانیان کوردییە شەشەکەی دیکە ناوەکانیان بیانیین.
ئەو پڕۆژانەی لەسەر شەقامی 150مەتری تا جووتسایدی بەحرکە دروستکراون، ژمارەیان 12 پڕۆژەیە، شەشیان ناوەکانیان کوردیین و شەشەکەی دیکەش ناوەکانیان بیانیین. بەڵام پڕۆژەکانی دەکەونە سەر رێگای هەولێر بەحرکە کەژمارەیان 14 پڕۆژەیە، نۆ پڕۆژەیان ناوەکانیان کوردیین.
لە کۆی ئەو 128 پڕۆژەیەی لە شاری هەولێر بەدواداچونمان بۆ ناوەکانیان کرد، بۆمان دەرکەوت 74 پڕۆژە بەرێژەی %58 ناوەکانیان بیانین، 54 پڕۆژەش بەڕێژەی %42 ناوەکانیان کوردین.