کەسنەزان بۆ گۆمەسپان
هەورازە نەفتە؛ گرێ کوێرەى شۆفێران دەکرێتەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
ساڵانێکە رێگاى هەورازە نەفتە کە هەولێر بە کۆیە و ئیدارەى راپەڕین دەبەستێتەوە، بەهۆى پێچاوپێچى و بەرز و نزمى و خراپى رێگاکە، بووە بە گرێ کوێرەى شۆفێران، بەڵام لە ئێستادا دەیان ئامێر لە رێگاکە کاردەکەن و لە کەسنەزانەوە تا گۆمەسپان دەیکەن بە دوو ساید.
کارکردن لە پڕۆژەکە بە خێرایى دەڕوات و لە هەورازە نەفتە بە بەرزى 30 مەتر رێگاکە دەبڕێت و دەکرێت بە جوتساید، بڕیاریشە تا کۆتایى ئەمساڵ سایدێکى رێگاکە تەواو بکرێت و بەڕووى شۆفێراندا بکرێتەوە و دواتر کارکردن لە سایدەکەى تر دەستپێبکات.
ساڵانێکى زۆرە شۆفێران گرفتارن بەدەست رێگاى هەورازە نەفتە، چونکە قەرەباڵغییەکى زۆرى لەسەرە و بەهۆى بەرزییەکەیشیەوە ئاستەنگى بۆ شۆفێران بە تایبەت شۆفێران بارهەڵگر دروست دەکرد.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح