هەر مامۆستایەک پارە لە قوتابیان وەرگرێت سزا دەدرێت

میدیازان – هیڤی دێوالی – دهۆک

دوای ناڕەزایەتی دایک و باوکانی قوتابیان لەسەر وەرگرتنی پارە لە قوتابیان، بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک هەڕەشەی سزادانی هەر مامۆستایەک دەکات کە پارە لە قوتابیان وەرگرێت.

 عومەر عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک لە لێدوانێکی تایبەت بە میدیازان رایگەیاند، دوای بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەرگرتنی پارە لە قوتابیان، ئەو بابەتە لەگەڵ لە پەروەردەی دهۆک، گشتاندنی بۆ کراوە بۆ سەرجەم قوتابخانەکان.

“لە هەر قوتابخانەیەک پارە وەرگیرا بێت، ئەوا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین و ئەو مامۆستایەش سزا دەدەین”

مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی دهۆک کە ناوەکەی و ناوی قوتابخانەکەشی لای میدیازان پارێزراوە، دەڵێ، لە هەندێک قوتابخانە بۆ پاککردنەوەی قوتابخانەکان، پارە لە قوتابیان وەردەگیردرێت بۆ کڕینی پێداویستی پاککەرەوە.

 میدیازان، ئەو زانیارییەی کردە پرسیارو رووبەڕووی بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆکی کردەوە، ئامادە نەبوو وەڵام بداتەوە، هێندە نەبێت وتی “لە هەر قوتابخانەیەک پارە وەرگیرا بێت، ئەوا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین و ئەو مامۆستایەش سزا دەدەین”.