پلاندانانی هەرێم: دەبوو بە هاوبەشی ئامادەبکرایە
بێ ئاگاداری هەرێم؛ بەغدا راپۆرتی هەژارى بڵاوکردەوە
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە راگەیاندنی راپۆرتی “هەژاری فرە رەهەند” لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵییەوە، چونکە پێى وایە بەبێ ئاگاداری و بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ئەو کارە کراوە،
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، کە بە هاوکاریی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) رێکخرابوو، ئاماری نوێی هەژاریی لە وڵاتدا خستەڕوو.
بەپێى ئامارەکەى وەزارەتى پلاندانانى عێراق کە ئەمڕۆ محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند کە حکومەتی عێراق گرنگییەکی زۆر بە دیاردەی هەژاری دەدات و سیاسەتەکانیان تەنها بریتی نییە لە باشترکردنی داهات، بەڵکو چارەسەرکردنی کەلێنە جیاجیاکانی کۆمەڵگایە.
وەزیری پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە نیشاندەری هەژاریی داهات لە عێراقدا دابەزیوە بۆ 17.5%، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە نابێتە هۆی پشتگوێخستنی رەهەندە نامادییەکانی هەژاری وەک (خوێندن، تەندروستی، بژێوی، کار و شۆکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان).
بەپێی ڕاپۆرتەکە، رێژەی هەژاریی فرەڕەهەند لە عێراقدا لە 11.4% لە ساڵی 2018 بۆ 10.8% لە ساڵی 2024 دابەزیوە، هەروەها ئاماژە بەوەشکرا کە بە بەراورد بە ساڵی 2011، هەژاریی فرەڕەهەند بە ڕێژەی 50% کەمیکردووە.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەندراوەکەی نیگەرانى خۆى لەو راپۆرتەى پلاندانانى عێراق دەربڕى و دەڵێت، ئەم راپۆرتە بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری هەرێم رێکخراوە کە دەبوایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم راپۆرتە و وردەکارییەکانی بکرایە تاکو راو بۆچوونی حکومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا.
هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویست بوو دوا رەشنووسی راپۆرتەکە بەدەستیان بگات بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکان و ئامادەبوون لە مەراسیمی ڕاگەیاندنەکەدا.
راپۆرتەکە پشتی بەستووە بە داتاکانی دوا رووپێوی “ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان” (2023-2024) کە بەپێی ئەنجامەکانی، رێژەی هەژاریی ماددی لە عێراق 19.3% و لە هەرێمی کوردستان 8.6% بووە.
وەک ئەوەى پلاندانانى هەرێم روونى کردووەتەوە، ئەم رووپێوییە بە میتۆدۆلۆژیای زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی کاری لەسەر کراوە بە مەبەستی دروستکردنی رێبەرێکی هەژاریی فرەڕەهەند بۆ دەستنیشانکردنی جۆرەکانی دیکەی هەژاری لە کۆمەڵگادا.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکەی هەرێم، لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا هاتووە کە راپۆرتەکە بە هەوڵی هاوبەشی نێوان دەستەی ئامار و سیستمی زانیاریی جوگرافی و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و دەستپێشخەریی ئۆکسفۆرد بۆ هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی ئامادە کراوە.