یادێک بۆ قەرەنی جەمیل
بە شیعر و گۆرانی رێز لە رۆحی رەنگەکان دەگیرێت
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بە شیعر و گۆرانی خەمگین رێز لە رۆحی رەنگەکان قەرەنی جەمیل هونەرمەندی شێوەکاری کورد لە هەولێر دەگیرێت.
قەرەنی جەمیل زیاتر لە مانگێکە ماڵئاوایی لە قەڵەم و رەنگەکان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ رۆحی ئەو هونەرمەندە وەزارەتی رۆشنبیری لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیانی وەک وەفایەک بۆ ئەو هونەرمەندە کە ساڵانێک تەمەنی خۆی بەخشییە رەنگەکان یادێکی تایبەتی بە شیعر و گۆرانی رێکخست.
ئاریان سەلاحەدین بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری بۆ 964وتی” دەمانەوێت ئەو رێبازە هونەریەی قەرەنی جەمیل بمێنیتەوە و قوتابیان و هونەرمەندان و ئەوانەی دەیانەوێت رێبازەكەی بگرن سوودمەند بن لێی، پلانمان هەیە گەلەرییەكی گەورە بكەینەوە كە شەش هەزارو 664مەترە، قەرەنیش دەبێتە یەکێک لە ئایکۆنەکان.
دەبێت رۆشنبیری لەناو خەڵك بڵاوبێتەوە، لەرێگایی هونەر بێت یان كتێب یان شێوەکاری، تاوەكوو کەلتورمان دەوڵەمەند بێت، باهۆز مستەفای نوسەر وادەڵێت.
قەرەنی لەساڵی 1954 لەشاری هەولێر لەدایكبووە، یەكێكە لەهونەرمەندە گەورەكانی شێوەكاری خاوەن بڕوانامەی دبلۆم بووە لەپەیمانگای بەغدا، یەكەمین پێشانگایی لە ساڵی 1977 لەشاری هەولێر کردووەتەوە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانە بوو 50 رۆژ پێش ئێستا گیانی لەدەستدا.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح