نیوە كوڵاوت دەكات
گەرما تەنگ بە بەسرە و ميسان هەڵدەچنێت و پێیان دەكات بە پشوو
964+
محەمەد فاتیح
وەك پێشبینی دەكرا، گەرمایەكی تاقەتپڕوکێنەر رووی لە عێراق كردووە، بە تایبەتی باشوری ئەو وڵاتە و ناچاریان دەكات بیكەن بە پشوو.
سبەینێ پێنجشەممە پلەی گەرما لە چوار پارێزگای عێراق دەگاتە نیوەی كوڵان و بەسرە و ميسانيش یەكێكن لەو پارێزگایانە و پشووی فەرمیان راگەیاند.
دوای ئەوەی دەستەی كەشوهەوای عێراق پێشبینیكرد پلەكانی گەرما لە میسان و زیقار و موسەنا و بەسرە سبەینێ بگاتە نیوەی كوڵان، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە و حەبیب زاهر فەڕتوسی پارێزگاری میسان فەرمانگەكانیان ئاگادار كردووەتەوە، كە سبەینێ پێنجشەممە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە پشووی فەرمییە.
بە پێچەوانەی لای خۆمانەوە، كه بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمى كوردستان پێشبینیكردووە، سبەینێ لە سەرجەم ناوچەکان پلەكانى گەرما نزم ببنەوە و لە چاو رۆژانی رابردوو گەرما تاقەتپڕوکێنەکە کەمێک لاواز دەبێت.