موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران - وێنە؛ ئەرشیف
موجتەبا خامنەیی:
“هەر شتێک زیان بە یەکڕیزی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت قەدەغەیە”
شۆڕش قادری
موجتەبا خامنەیی داوا لە خەڵک و کاربەدەستانی وڵاتەکەی دەکات، خۆیان بەدوور بگرن لە هەر قسە و وتارێک کە جیاوازی و کەلێن دروست دەکات و دەڵێت، هەر شتێک زیان بە یەکڕیزی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت قەدەغەیە.
موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران پەیامێکی دوور و درێژی بە بۆنەی هەفتەی دەوڵەت بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هەوڵەکانی حکومەت و بەتایبەتیش سەرۆک کۆماری ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیلانگێڕی و گەمارۆکان بەرز دەنرخێنێت، داوایش لە کاربەدەستانی وڵاتەکەی دەکات، خۆ بەدوور بگرن لە هەر جۆرە وتارێک کە پاڵنەرە نەتەوەیی و گشتییەکان بێ هیوا و لاواز بکات.
دەشڵێت، “بە فەرمی رایدەگەیەنم کە ئەنجامدانی هەر شتێک کە زیان بە یەکڕیزی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت قەدەغەیە”.
رابەری ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە وڵاتەکەی رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار و ئاڵۆز بووەتەوە، پێویستیان بە کردار و هەوڵی بەردەوام و 24 کاتژمێرییە بۆ ئەوەی باشتر لە هەر کاتێک، هێز و توانا بۆ گەل و حکومەتی ئێران بگەڕێننەوە.
“هەندێک جار، دەربڕینی لاوازییەکانی مرۆڤ بە راستگۆیی، کاتێک دوژمن پێویستی بە مۆڕاڵ هەیە، یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆی، تەنانەت رەنگە نیگەرانی لە دڵی دۆست و هاوەڵەکانیدا دروست بکات و ببێتە هۆی سەرگەردانی و سەرلێشێواوییان”، موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا وای وتووە.