محاویلەکەیان سووتاوە و براوەتە تورکیا؛ "تادێتەوە پێی دەچێ"
دانیشتووانی چەند گوندێکی کۆیە سەرەی کارەباشیان بۆ زیادبوو
دەریا ئەحمەد ـ کۆیە
بەهۆی سووتانی محاویلەیەک لە وێستگەی کارەبای کۆیە کە هێڵێکی وێستگەی کارەبای ناحیەی ئاشتی لەسەرە، 16 گوند بێ کارەبا بوون و دانیشتووانی ئەو گوندانە، جگە لە سەرەی بەنزین و غاز، سەرەی کارەباشیان بۆ زیادبووە.
عەنیفە عوسمان دانیشتووی گوندی کاولان بە 964ـی وت، “پێشتر فێری کارەبای هەمیشەییان کردین، بەڵام ئێستا هەتا برێی خراپین، دوو سەعات هەیە و دوو نییە، نیوە بەنیوەیە”.
گوندنشیانی دەشتی کۆیە دەڵێن، بەهۆی بێ بەنزینی ناتوانن بۆ خۆیان مۆلیدە دابنێن و وەک خواپێداوەکانیش توانای دانانی سیستمی سۆلاریان نییە، بۆیە لەم گەرمایەدا رۆژانە چەند سەعاتێک بێ کارەبا دەبن.
رەوەند سابیر بەڕێوەبەری وێستگەکانی کارەبای کۆیە بە 964ـی وت، “ماوەیەک پێش ئێستا محاویلەیەکی کارەبامان لە ناو وێستگەی کارەبای کۆیە سووتا کە چاککردنەوەی لە عێراق و کوردستان ناکرێ، ناردوومانە بۆ وڵاتی تورکیا کە نزیکەی 4 مانگی پێدەچێت تا چاکدەکرێتەوە، یەک محاویلەمان ماوە، ئەویش دەتوانێ تەنیا بەشێکی کارەبای وێستگەی ناحیەی ئاشتی دابین بکات، بۆیە ئەم گرفتەمان بۆ دروست بووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی هەموو دانیشتووانی سنوورەکە وەک یەک کارەبایان بۆ بچێت، کردوویانە بە نۆرە.
“چاوەڕێ ناکەین تا محاویلە سووتاوەکە لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە، چونکە زۆری پێدەچێت، هەفتەی داهاتوو سەردانی وەزیری کارەبا دەکەین و بڕیارە محاویلەکی ترمان بۆ دابین بکرێت”، رەوەند سابیر وای وت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری