کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم – وێنە؛ حکومەتی هەرێم
تایبەت بە موچە و شایستە داراییەکان
“رەزامەندی درا لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نێوان هەرێم و عێراق”
964+
شۆڕش قادری
ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیدا لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16.7.2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، بە توندترین شێوە، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکان شەرمەزار کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات، ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و رێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتەبەر.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وردەکاریی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە، خراوەتەڕوو و ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کردووە و بڕیاریداوە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.