"80٪ـی سامانی ماسی لەناوچووە"

وشکەساڵی چەمی گەورەی پێنجوێنی وشک کرد

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەهۆی وشکەساڵییەوە چەمی گەورەی پێنجوێن وشکبوو و 80٪ـی سامانی ماسی ئەو ناوچەیەش لەناوچووە.

سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ـی وت، کاریگەری وشکەساڵی بەتەواوی لە پێنجوێن دەرکەوتووە و چەمی گەورەی قەزاکەی وشک کردووە، ژمارەیەکی زۆریش ماسی لەناوچوون.

وتیشی، تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 10 هەزار ماسیان لە چەمەکە رزگارکردووە.

بەقسەی سەردار ئەحمەد، ئەمساڵ لە پێنجوێن 80٪ـی ماسی چەم و رووبارەکانی پێنجوێن، بەهۆی وشکەساڵییەوە لەناوچوون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد، لە هەر شوێنێک بینیان بەهۆی کەم ئاوییەوە گیانی ماسییەکانی کەوتووەتە مەترسییەوە، ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی بیانگوازنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری