رێگری هەیە
کارکردن لە کۆرنیشەکەی کەلار راگیرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کۆمپانیای جێبەجێکاری کۆرنیشی مارینا، کە دەکەوێتە سەر رووباری سیروان لە قەزای کەلار، کارەکانی رادەگرێت، کۆمپانیاکە دەڵێت، لەلایەن کارگەیەکی بلۆکەوە رێگری لە کارەکانیان دەکرێت.
محەمەد شێخ عەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای مارینا بە 964ى وت، “کارگەیەکی دروستکردنی بلۆک لەسەر رووباری سیروانە و رێرەوی ئاوەکەی گۆڕیوە، ئەوەش رێگرە لە دروستکردنی ئەو دیوارە کۆنکرێتییانەی کە بۆ کۆرنیشەکە دروست دەکرێن”.
“کارکردن لە کۆرنیشەکە گەیشتووەتە نزیکەی 60%، بە ناچاری کارکردنمان لە بەشی کۆرنیشەکە راگرتوە، تا ئەوکاتەی لایەنی پەیوەندیدار دێتە سەر خەت و گرفتەکە چارەسەر دەکات بەیەکجاری”، محەمەد شێخ عەزیز وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارگەی بلۆکە داوای قەرەبووی زیاتر لەوە دەکات، کە بۆی دیاریکراوە، پێویستە لایەنی بەرپرس ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، ئەگینا ناتوانین کار لە کۆرنیشەکە دەستپێبکەینەوە”.
کۆرنیشەکە درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە، كە بەشێكە لە پرۆژەی گەشتیاری مارینا لەسەر رووباری سیروان لە قەزای کەلار، كە لەسەر رووبەری 355 دۆنم زەوی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا