هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. وێنە: راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق
بانگەوازی بۆ کراوە
پسپۆڕێکی دەستوریی: مانگرتنی ئەندامە کوردەکانی پەڕلەمان قابیلی تاقیکردنەوەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
پەڕلەمانتارێکی کورد بانگەوازی ئەوەی بۆ پەڕلەمانتارە کوردەکان کردووە کە بۆ فشار دروستکردن بە مەبەستی چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەناو هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق مان بگرن.
لەگەڵیدا دەیەوێ، ئەندامێتی خۆیان هەڵپەسێرن و بایکۆتی دانیشتنەکانی وەرزی نوێی یاسادانان بکەن.
ئەمە داواى پەڕلەمانتار کاروان یاروەیسە، ئەو پێی وایە، تائەوکاتەی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەدرێ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتارانی کوردستان دەتوانن ئەو هەنگاوە بنێن و مان بگرن. وا هەرێمی کوردستان 51 رۆژە موچەی فەرمانبەرانی پێ نەدراوە، بیانووەکەی ئەوەی عێراق بۆی دابین ناکات.
لە بارەی بانگەوازەکە، ئیسماعیل نەجمەدین، پسپۆڕی یاسا و دەستووری ئەمڕۆ هەینی، بە 964ی وت، ئەندامە کوردەکان ئامادەیی باشیان هەبووە لەدانیشتنەکان و لیژنەکان، بەڵام کاریگەرییان بەو ئەندازەیە نەبووە و هەڵوێستی زۆر توند و کۆنکرێتییان لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زۆر بەکەمی بینراوە.
ئەو وتی، لەو باوەڕەدام کاریگەری پەڕلەمانتاران لە وەرگێڕانی هەڵوێستی ئەم حکومەت و ئەو حکومەت نیە جارێک بۆ کوردی و جارێکی دیکە بۆ عەرەبی، بەڵکو کاریگەرییان دەبێ لەناو هۆڵی پەرلەمان و دانیشتنەکانی ناو لیژنەکان بێت، بۆ ئەو مەبەستە سود لە ئامرازە دەستوریی و یاساییەکانی بەردەستیان وەرگرن، لە یاسادانان و چاودێریکردن.
لەبارەی مان گرتنی ناو پەڕلەمان ئەو پسپۆڕە پێی وابوو، داواکاری بۆ مانگرتنی ئەندامانی لیستە کوردییەکانی پەڕلەمانی، هەنگاوێکە شایستەی تاقیکردنەوەیە، وەک فشارێک لەسەر پەرلەمان و حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ زوتر رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەی خەرجنەکردنی موچەی موچەخۆران.
ئەو تێبینی لەسەر ئەوە هەبووە، کە لە ساڵی 2003 بەدواوە بەردەوام هێزە کوردییەکان هیوا و ئومێدی چارەسەرییان بەسووەتەوە بەگۆڕین و دانانی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ، پێشنیاری ئەوەی کرد، لەپێش هەڵبژاردن فشار بکرێت بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەخۆرانی.