تا رادەیەک نرخەکان جێگیرە

نرخی نەوت لە بن 69 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت

 964+

توانا نەقی

دواى راگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، نرخى نەوت تا رادەیەک جێگیرە و تا دۆلارێک بەرز و نزم دەکات رۆژانە، بۆ ئەمڕۆش لە بن 69 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.7.2025 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوتدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی ئەمریکی بە 68 دۆلار و 61 سەنت دیاری کراوە و بەروارد بە دوێنێ ئێوارە، نرخەکەی 0.50٪ دابەزیوە.

هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساس بە 66 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخەکەی 0.46٪ دابەزیوە.

دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە 13.6.2025 و لە ماوەى کەمتر لە دوو هەفتەدا، نرخى هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام بە راگیرانی شەڕەکە رووی لە دابەزین کردەوە.