ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم

داوای سەردانیكردنی وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رافائێل گرۆسی داوا دەكات رێگەیان پێبدەن سەردانی وێستگەی فۆردۆ بكەن، ئاشكراشی دەكات یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەمباركراوی ئێران 60% و پێشی وایە وێستگەكە زیانی زۆری بەركەوتووە.

گرۆسی لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئاژانسەكەی لە ڤیەننا وتی، پێویستە رێگە بە پشكنەرانی ئاژانسەكەی بدرێت بگەڕێنەوە ئێران و سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەكان بكەن.

ئاشكراشی كرد، یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەمباركراوی ئێران 60% و كوالێتیی زۆر بەرزە.

گرۆسی رایگەیاند، ئێران رۆژی 13ی ئەم مانگە و بە نامەیەك پێیان راگەیاندووە رێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی كەلوپەل و پێداویستییە ئەتۆمییەكانیان.

سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێی وایە، “زیانی زۆر” بەر وێستگەی فۆردۆ كەوتووە، كە لە ژێر زەوییە و دوو رۆژ لەمەوبەر لە لایەن فڕۆكەكانی ئەمریكا لەگەڵ وێستگەكانی ئەسفەهان و نەتەنز بۆردومان كران.

گرۆسی بۆ ئەسیۆشەیتد پرێس قسەی كردووە، “بە گوێرەی ئەو بۆمبانەی لە هێرشە بەكارهێنران و سروشتی هەستیاری ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، پێشبینیی دەكەین زیانێكی زۆر بە وێستگەی فۆردۆ كەوتبێ”.

لای خۆیەوە عەلی خامنەبیی رێبەری باڵای ئێران دوای هێرشەكانی سەر بنكە ئەتۆمییەكان رایگەیاند، یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران هەر ماوە و یارییەكەش بە بۆردومانی ئەمریكا كۆتایی نەهاتووە.

میدیاكانی ئەمریكاش لەمبارەیەوە دوای هێرشەكانی سەر بنكە ئەتۆمییەكان، هەندێك وێنەیان بڵاوكردەوە، كە لە رێی مانگی دەستكردەوە گیراون و باسی ئەوە دەكەن، وێستگەی فۆردۆ پێش لێدانەكەی ئەمریكا، چۆڵ كراوە.

"هیچ پیسبوون و تیشکدانەوەیەكی ئەتۆمی لە عێراق تۆمار نەكراوە"