دەیانەوێ مەحکەمی بکەن

پەڕلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای بۆ گەرووی هورمز هەیە

ئەحمەد مستەفا

پەرلەمانی ئێران دەیەوێ پڕۆژە یاسایەک بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دۆسیەی گەرووی هورمز ئامادە بکات، ئەم کارەی پەڕلەمان لە دۆخێکدایە کە ترەمپ زارەکی دەڵێ، گەرووەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن و وەک باجی سەلامەتی 20% لە هۆکارەکانی گواستنەوە پارە وەردەگرن.

لەناو ئەو ئاڵۆزی و بۆردومان و سەختییانەی جەنگ، لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، وە دواتر ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران، هێندەی باسی گەرووی هورمز کراوە، ژێرخانی وڵاتانی بەشداری جەنگ نەبوونەتە بەرباس.

ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی، شەوی رابردوو هاوکات لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا، پڕۆژەیاساکە بە ناونیشانی “کردەوەی ستراتیژی بۆ پەرەپێدان و بەردەوامی گەرووی هورمز و کەنداوی فارس” بە فەرمی پێشکەشی پەرلەمانی ئێران کرا.

بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکەکەی و کاته‌كه‌ی دیاری بكرێت، عەزیزی رایگه‌یاندووە، ئێمە لە بەرگریکردن لە هێڵە سورەکانمان بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز سازش ناكه‌ین و خۆڕاگرین بۆ مانه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی ئێراندا.

زۆربەی نەوتی هەناردەكراوی سعودیە و ئێران و ئیماڕات و كوەیت و عێراق لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، هەروەها گەروی هورمز ڕێگەی سەرەكی گواستنەوەی گازی سروشتی قەتەڕە كە گەورەترین هەناردەكەری گازی سروشتی جیهانە.

گەرووی هورمز لە نێو حەوت دیارترین ڕێڕەوی ئاوی یەکێکە لە ڕێڕەوە بازرگانییە پڕ بایەخەکان، لە قەبارەی بازرگانی نەوتدا لە پێش سەرجەمیانەوەیەو لە ڕووی قەبارەی بازرگانییەوە پلەی سێیەمی نێو ڕێڕەوە گرنگە جیهانیەکانی گرتووە