به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری
نزیکەی چوار هەزار ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق دراونه‌ته دادگا
فەرهاد حەسەن
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد، مه‌ترسی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری كه‌متر نییه له مه‌ترسی تیرۆر له وڵاته‌كه‌دا و ده‌شڵێت، “رێوشوێنی یاسایی توندی گرتوه‌ته‌به‌ر به‌رامبه‌ر به نزیکەی چوار هەزار ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر كه تێوه‌گلاون له حاڵه‌ته‌كانی ده‌ستكه‌وتی نایاسایی و له‌ئێستاشدا له‌كاره‌كانیان دورخراونه‌ته‌وه و دراونه‌ته دادگا”.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، عه‌مید میقداد میری، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئامارئ کار‌و چالاکییەکانی وەزارەتەکی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە وه‌زاره‌ته‌كه‌یان رێكاری یاسایی و سزای توندی به‌رامبه‌ر به سێ هه‌زار و 950 ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر گرتوه‌ته‌به‌ر کە له به‌شه جیاوازه‌كانی وهزارهتهكهیانە، له ئه‌نجامی تۆمه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به قۆستنه‌وه‌ی فه‌رمانگه گشتییه‌كان و وه‌رگرتنی ره‌شوه و گه‌نده‌ڵی كارگێڕی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندییان بهدۆسیهكانی گه‌نده‌ڵیه‌وه هه‌یه له ریزه‌كانی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی دوورده‌خرێنه‌وه و ده‌ستبه‌جێ ره‌وانه‌ی دادگاكانی دادوه‌ری كارامه ده‌كرێن بۆ وه‌رگرتنی سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان به‌پێی یاسای كارپێكراوی عێراق.
هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کە لە عێراق بە “ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان” ناسراوە، هەڵمەتێکی چڕ و فراوانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە کە لە مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئامانجی سەرەکیش لێی، راوەدوانی گەندەڵکاران، پاراستنی سامانی گشتی، گێڕانەوەی ئەو پارە و موڵکانەیە کە بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی وڵات.