پزیشکێکى پسپۆڕ:
ئەگەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران کرانە ئامانج، خۆتان بە قوڕ داپۆشن
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پزیشکێکی پسپۆڕی شێرپەنجە هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان لە ئەگەری بۆردومانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و چۆنیەتی خۆپاراستن.
دکتۆر نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێرپەنجە بە 964ـى وت،”ئەگەر مووشەک بەر شوێنێکی ئەتۆمی بکەوێت، پەڵە هەورێکی مەترسیدار لە ئاسماندا دروست دەبێت، ئەوەش بەپێی ئاراستەی با، هەورەکە بەسەر شارەکاندا بڵاودەبێتەوە و یەکەم کاریگەری لەسەر ناوچە نزیکەکان دەبێت”.
وەک باسى دەکات، کاریگەرییە دەستبەجێکانی بریتین لە سووتانی پێست، ئازاری چاو و قوڕگ. ئەوانەی زۆر نزیکن، ئەگەری گیانلەدەستدانی دەستبەجێیان لەسەر دەبێت.
روونیشى کردەوە، کاریگەرییە لاوەکییەکانى ئەو مەترسییەش بریتین لە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و دروستبوونی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لە داهاتوودا.
چى بکەین ئەگەر روویدا؟
دکتۆر نیاز ئەحمەد بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،”ئەگەر لە دەرەوە بوویت و گازە ژەهراوییەکە بڵاوبووەوە، بەپەلە قوڕ بەکاربهێنە بۆ داپۆشینی جەستەت و دەمامک ببەستە تا دەگەیتە شوێنێکی سەلامەت، لەوەش گرنگتر بەپێى رێنماییەکانى حکومەت بچوڵێرەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح