چێشتخانه‌یه‌كی سەردەمی سۆمەرییەكان دۆزرایەوە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌سته‌ى گشتىی شوێنه‌وار و كهلهپوورى عێراق دۆزینه‌وه‌ى شوێنه‌وارى چێشتخانه‌یه‌كی سه‌رده‌مى سۆمهرییهكانى له یه‌كێك له پارێزگاكانى وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند، شوێنه‌كه‌ش هاوشێوه‌ی شوێنهوارێكه، كه له رانیه دۆزرابووه‌وه.
ده‌سته‌ى گشتىی شوێنه‌وار و كهلهپوورى عێراق، له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، پسپۆڕانی بواری شوێنەوارناسی لە پارێزگای زیقار، شوێنەواری چێشتخانه‌یه‌كی سەردەمی سۆمەرییەكانیان دۆزییەوە، كە مێژووەكەی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ده‌سته‌كه ده‌ڵێن، “به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تیمێكی ئیتالی و ئەمریكی لە باكووری رۆژهەڵاتی زیقار ئه‌و شوێنەواره دۆزراوه‌ته‌وه، كە بە یەكێك لە گەورەترین شوێنەوارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت”.
به پێی راگهیهنراوهكه، كه تۆڕى 964 كۆپییه‌كی ده‌ستكه‌وتووه، له چێشتخانه‌كه‌دا سیستمی ساردكەرەوەی سەرەتایی، نانه‌واخانه‌ى گەورە، قاپ و كەلوپەلی ئامادەكردن و پێشكەشكردنی خواردنیان دۆزیوەتەوە.
هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌یان كردووه، له چێشتخانه‌كه‌دا دوو شوێن بۆ خواردن و خواردنەوە هەبووە، یەكێکیان كراوە و ئەوی دیكەیان داخراو، ئەو شارەشى چێشتخانه‌كه‌ی تێدا دۆزراوەتەوە لە سەردەمی سۆمەرییەكاندا بە شاری لاگاش ناسراو بوو، كە شارێكی كۆنی سۆمەرییهكان بووە و ناوەندێكی شارستانیەت بووە لە میزۆپۆتامیا.
تۆڕى 964 ده‌زانێت، حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، تیمێکی زانکۆی کۆپنھاگنی دانیمارکی له گردی (باب و کوڕ)ى قەزای رانیە، شوێنه‌وارێكی سه‌رده‌می سۆمهرییهكانیان دۆزییه‌وه، كه پێكهاتبوو له ژووری ئامادەکردنی خواردن و شوێنی دانیشتنی ئەو سەردەمە، كه مێژووەكەی بۆ شه‌ش ھەزار ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕایه‌وه.
به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، سۆمەرییەكان خاوەنی دێرینترین شارستانیه‌تن لە عێراق و ترۆپكی پێشكەوتنی ئەو شارستانییهتەش، بە وتەی مێژوونووسان، لە نێوان ساڵانی 2700- 2400ی پێش زایین‌دا بووە.