مۆزەخانەی سلێمانی شوێنه‌واری زۆره‌ و شوێنی نییە

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

مۆزەخانەی سلێمانی 60 هەزار پارچە شوێنەواری هەیە، بەڵام لەبەر نەبونی جێگە ناتوانن هەمووی نمایش بكه‌ن، کۆنترین پارچە شوێنه‌واریشی بۆ 10 هه‌زار ساڵ پێش زانیین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

بەپێی داتاکانی رێکخراوی یونسکۆ، لە دوای مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق لە بەغداد، مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی دووەم گەورەترین مۆزه‌خانەیە.

نیان ناسڕ به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزەخانەی سلێمانی بە 964+ی وت “مۆزەخانەی سلێمانی بۆ یه‌كه‌مجار لە 14-7-1961 لەسەر دەستی رەفیق فەتحوڵڵا له‌ باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌قاری دامەزراوە، دواتر لە ساڵی 1979 گواستوویانەتەوە بۆ ئەو باڵه‌خانه‌ی ئێستا تێیدان”.

نیان كه‌ له‌ 9-9-2009 له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ دامه‌زراوه‌، ده‌ڵێت “مۆزەخانەکە لە چەند گەلەرییەک پێکهاتووە، کە پارچە شوێنەوارەکانی تێدا نمایش دەکرێت”.

مۆزەخانەی سلێمانی نزیکەی 60 هەزار پارچە لەخۆدەگرێت و بەردەوام پارچەی تازەش دەدۆزنەوە.

نیان، کە دەرچووی بەشی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدینە، باس لەوە دەکات، کۆنترین پارچەی مۆزەخانەکە پاچێکی دەستە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 10هەزار ساڵ پێش زایین، كه‌ لە ئەشکەوتی بەردەپەڵکە لە نزیک چەمچەماڵ دۆزراوەتەوە.

سلێمانی هه‌ر ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ی هه‌یه‌، كە پارچە شوێنەوارە کۆنەکانی تێدا بپارێزرێت و هیچ مۆزەخانەیەکی دیكه‌ی نییە، بەڵام چەند شوێنێکی کەلەپووری له‌ شاره‌كه‌دا هه‌ن، وەک ئەمنە سوورەکە و ئوتێل فەرەح.

نیان باس لەوەدەکات، مۆزەخانەی سلێمانی زۆر بچووکە و ناتوانن هەموو پارچەکان شوێنه‌واره‌كان لە مۆزەخانەکەدا نمایش بكه‌ن، بەشێکی زۆری پارچە شوێنەواریەکانیان لە كۆگا داناوە.

ئاشكراشی كرد “پلانێک هەیە کارگەی جگەرەکە بدرێت بە مۆزەخانەی سلێمانی بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و پێده‌چێت پلانێكی دوور بێت”.

“جگە لەو پارچە شوێنەوارانەی لە مۆزەخانەکەدا هەن، چەندان شوێنەواری دیكه‌ش هەن ناتوانین شوێنی بۆ بكه‌ینه‌وه‌، له‌وانه‌ كه‌لوپه‌لی ئەشکەوتی قزقاپان، دەربەندی گاور و دەربەندی رەبەنە، بەڵام کۆپی كه‌لوپه‌له‌كانمان لە مۆزەخانەكه‌ داناوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران بیانبینن و ئاشنایان بن”، نیان ناسڕ وای وت.

ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، هەموو چین و توێژه‌كان سەردانی مۆزەخانەکە دەکه‌ن، بە تایبەت خوێندنگاکان بەهۆی ئەوەی لە پڕۆگرامی خوێندنیاندا بابه‌تی شوێنه‌وارناسی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی ژمارەی زۆری خوێندکارانه‌وه‌ كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێت.

مۆزەخانەی سلێمانی، بەردەوام تیمی پشکنینیان هەیە و لە رێگەی تیمی بیانی، تیمی مۆزەخانەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، گەڕان بۆ پارچە مێژووییەکان دەكه‌ن.