لە کۆیە گۆزەیەکی هەزار ساڵە دۆزرایەوە

964+
هێرۆ مه‌ولودی – هه‌ولێر


جووتیارێکی شارۆچکەی کۆیە لە کاتی کێڵانی زەوییەکەیدا، گۆزەیەکی کۆنی گڵی دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت بۆ سه‌رده‌می ساسانییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌.

جووتیاره‌كه‌، كه‌ ناوی ئاشكرا نه‌كراوه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ـی كانوونی دووه‌م له‌ كۆیه‌ گۆزه‌كه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و راسته‌وخۆ فەرمانگەی شوێنەواری قەزاکەی لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

تیمه‌كانی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه‌ گۆزەکەیان به‌بێ گرفت لە زەوی ده‌رهێناوه‌.یەکێتی ئەحمەد، بەڕێوه‌بەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە به‌ 964+ی وت، “هۆشیاریی جووتیارەكه‌ بۆ پاراستنی ئەم پارچە شوێنەوارە زۆر گرنگ بووە، کە خێرا تیمەکانی ئێمه‌ی ئاگادارکردوەتەوە و گۆزەکە بە ساغی دەرهێنراوە و لە کاتی کێڵانی زەوییه‌كه‌دا نەشکاوە”.

وتیشی، “گۆزەکە تا رادەیەک خاوێنکراوەتەوە و پێشبینی دەکەین هی سەردەمی ساسانییەکان بێت، چونکه‌ ساڵی رابردووش هەر لە کۆیە چەند شوێنێكی مێژوویی دۆزرانه‌وه‌، كه‌ دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت هی سەردەمی ساسانییەکان بوون، بۆیە بە شێوازی گۆزەکە پێشبینیی ئەو سەردەمه‌ی بۆ دەکەین”.” گۆزەكه‌ گڵییه‌ و لە ناو فەرمانگه‌ی شوینەواری کۆیە دەیپارێزین”، یه‌كێتی ئه‌حمه‌د وای وت.

ساسانییه‌كان پێش هاتنی ئایینی ئیسلام له‌ ساڵی 224ی زایینی بۆ 651ی زایینی یه‌كێك ئیمپراتۆرییە زلهێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ بوون و ده‌سه‌ڵاتیان له‌ سنووره‌كانی ئه‌فغانستان تا ده‌شتی نه‌ینه‌وا هه‌بووه‌.