نەهاتوو و موچەبڕین
له دوو نهخۆشخانهى ههولێر 20 پزیشك سزادراون
فهرهاد حهسهن
بەپێی دوو نوسراوی فهرمى كه له بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دهرچووه و ئیمزای د.دلۆڤان محەمەد فاتيح بەڕێوەبەری گشتی بهسەرەوهیه، سزای یەک رۆژ نەهاتوو و بڕینی مووچە بۆ 20 پزیشك دراوه.
بهپێی نووسراوهكان كه ههردووكیان دوێنى دووهم رۆژى جهژن دهرچوونه، ئهو پزیشكانهى سزادراون 12 یان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاری و بەشی روداوەکان و چاودێریی چڕ و حهوت پزیشکهكهی دیکەی له نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵانن و سزاكهش پشتى بهستووه به راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو.
سزادانی ئەو پزیشکانە دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ شەممە 7.6.2025 پزیشکانی نیشتەجێى خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، راپەڕین و گەرمیان راگەیاندراوێکیان ئاڕاستەی رای گشتی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکان و بەڕێوبەرانی سەرجەم نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان کرد و هۆشدارییاندا لەوەی ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو.
ئاماژهیان بهوهشكردووه، سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم و سێیەم تاوهكو پزیشکانی پایەبڵند بەوهۆیەوە ماوەی شەش مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکییان خزمەت دەکەن و لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە.
بهپێی راگهیهندراوهكه، له رۆژی شەممەوە، کاتژمێر 8:00ـی بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەمو بەشەکانیانەوە رادەگەیەنن تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
داواکارى ئهم پزیشكانه لە سەرۆکی حکومەتی ههرێم و لایەنی پەیوەندیدار ئهوهبوو كه هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستەمی تەندروستی کوردستان بپارێزن لە رووخان.
بەپێی ئامارەکان كه پێشتر بڵاوكراوهتهوه، پزیشکانی نیشتەجێى خولاو لە هەرێمى کوردستان ژمارەیان نزیکەى پێنج هەزار پزیشکە، زیاتر لە 700 پزیشکیش دواى دەرچوونیان لە زانکۆ هێشتا دانەمەزراون، سەربارى راگرتنى پلەبەرزکردنەوەى پزیشکان لە سەرەتاى ئەمساڵەوە.