جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق:

“فرۆشتنی بڕی دۆلار بە گەشتیاران زیاد دەکرێت”

کاکەلاو عەبدوڵا

محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، بانکی ناوەندی فرۆشتنی بڕی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکاندا زیاد دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا محەمەد یەمیم بەبێ ئەوەی بڕی پارە زیادکراوەکە ئاشکرا بکات، وتی: بانکی ناوەندی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران زیاد دەکات.

ئەم قسەیەی محەمەد تەمیم لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە بانکی ناوەندی رایگەیاند، “فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە دوو هەزار دۆلارەوە بۆ سێ هەزار و 500 دۆلار زیاد ناکرێت، بەڵگەنامەیەک بەناوی ئێمەوە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و راست نییە.”

ئێستا هەر گەشتیارێک کە گەشتی دەرەوەی وڵاتی هەبێت دەتوانێت بڕی دوو هەزار دۆلار لەبەرامبەر پێدانی سێ ملیۆن و 40 هەزار دینار وەربگرێت کە نرخی فەرمییە، بۆ ئەمەش دەتوانێت تەنیا لە دوو مانگدا یەک جار سوودمەند ببێت لە وەرگرتنی ئەو بڕە دۆلارە.