شارەوانی سلێمانی بۆ شۆفێران:
“لە نزیک گوندی ئەڵمانییەوە تا هۆتێل تایتانیک بە وریاییەوە هاتوچۆ بکەن”
شۆڕش قادری
شارەوانی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات لە نزیک پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی ئەڵمانییەوە تا هۆتێل تایتانیک، بە وریاییەوە هاتوچۆ بکەن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە ئاگادارییەکدا بۆ شۆفێران و هاوڵاتیانی شارە حەیاتەکە دەڵێت، “لە مەودای جێبەجێکردنی پڕۆژەی یەکتربڕی گۆیژە، لە نزیک پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی ئەڵمانی تا هۆتێلی تایتانیک، بە وریاییەوە هاتوچۆ بکەن و خێرایی کەم بکەنەوە”.
داوایش دەکات، رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن و هاوکاریی تیمەکانی شارەوانی بکەن، چونکە رەچاوکردنی رێنماییەکان و هاوکاریی هاوڵاتیان، هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ئاسانکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
شارەوانی دووپاتیشیکردووەتەوە، هاوکاریکردنی تیمەکانیان هۆکارێکی گرنگە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆ و تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.