دوێنێ شەو چی روویدا؟

کێشەی کۆڕەک و توندبوونی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

پەری ساڵح

کاتێک ئێوە خەوتبوون، جیهان پڕ بوو لە پێشهاتی خێرا و گۆڕانکاری، بە کورتی بزانە چی روویداوە؛

📌هاوڵاتیانی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی کەرکوک وه‌ك ئه‌سراومه‌فقودین و یه‌كی حوزه‌یران هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و دژی گرانیی نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ گردبوونه‌وه‌ و شەقامەکەیان داخست و رایانگەیاند، ئه‌مپێری 18 هه‌زار بۆ كاره‌بای مۆلیده‌ گرانه‌ و خه‌ڵك توانای نییه‌.

📌دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق: دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی بە کۆرەک تیلیکۆممان دابوو، بارەگای سەرەکی ئاڵوگۆڕی پەخشی کۆمپانیاکە لە پارێزگای بەسرە، بابل و دوو بارەگایان لە بەغدا داخران، ئەمەش بووە هۆی راگیرانی تۆڕەکەیان لە 14 پارێزگا.

📌کۆرەک تیلیکۆم: سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری بەپەلەی دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، بەڵام ملکەچی حوکمی دادگا نابێت و پەنای بردووەتە بەر داخستنی بارەگای کۆمپانیاکەمان، کە ئەم رێکارە هیچ پەیوەندییەکی بە گرێبەستی مۆڵەتەکەمانەوە نییە.

📌محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری : بڕیارە ئەمڕۆ کاروانی دووەمی دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق و بڕەکەی 500 ملیۆنە.

📌وەزارەتی نەوتی عێراق دوێنێ رایگەیاند، عەلی زەیدی فەرمانی کرد بە دابەشکردنی پشکی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بە نرخی پاڵپشتیکراو.

📌وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم : ئەو بڕەی بڕیارە عێراق دابینی بکات، 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە و ئەم بڕە نەوتە تەنیا (18%)ی پێداویستیی هەرێمی كوردستان دابين دەکات کە پێويستی بە بڕی (268,710,600) لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک تەنیا (200) لیتر دابين بكريت.

📌فڕۆکەیەکی تایبەتی جۆری Learjet 60 لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا کەوتە خوارەوە و بەپێی راگەیەندراوی فەرمی وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا، سەرجەم سەرنشینەکان کە ژمارەیان نۆ کەس بووە گیانیان لەدەستداوە.

📌سوپای ئەمریکا: ئێران بە ئەنقەست دەریاوانە مەدەنییەکانی لە دەریادا کردووەتە ئامانج.

📌سوپای ئەمریکا: رەتکردنەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هێرشکردنە سەر مەدەنییەکانی وڵاتانی دراوسێ، بانگەشەیەکی ناڕاستە.

📌ترەمپ: ئەمریکا لە قۆناغێکدا ناچاردەبێت “لێدانێکی کەمەرشکێن” ئاڕاستەی ئێران بکات.

📌ترەمپ: بەدوای کەسێک دەگەڕێم لە ئێران بۆ ئەوەی دانوستانی لەگەڵدا ئەنجام بدەم، بەڵام لە ئێستادا هیچ کەسێک ئامادە نییە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە بگرێتە دەست.

📌ترەمپ: ئەمریکا بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-2 توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی وێران کردووە و رێگەی نەداوە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ جەختی کردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نرخێکی کەمە بۆ سەلامەتیی جیهان، و بەمزووانەش کۆتاییهاتنی شەڕەکە دەبینن.

📌ئەکسیۆس: ترەمپ لە ئێستادا رێگەی دانوستان لەگەڵ ئێران بە باشتر دەزانێت.

📌ئەکسیۆس: نەتەنیاهۆ فوشار دەخاتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا، لە ئێران بدات.

📌ئەکسیۆس: دانوستانەکانی دەوحە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە ئەرێنی بەڕێوەچوون، دواتریش شاندی ئێرانی دەوحەی جێهێشتووە.

📌وتەبێژی سوپای ئێران: لەدوای جەنگ فڕۆکە رووسییەکەمان بەدەست دەگات، فڕۆکەی SU-35 یەکێکە لە فڕۆکە پێشکەوتووەکانی رووسیا و بە رکابەری فڕۆکەی F-35 ـی ئەمریکی دادەنرێت

📌میدیای رووسیا: لە شەودا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا رووبەڕووی هێرشێکی درۆنەکانی ئۆکرانیا بووەوە و 20 فڕۆکەی لە سەرووی شاری ڤۆرۆنیژ و هەشت ناوچەی دیکە تێکشکاند، هەروەها بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەی ساماراش دژ بە هێرشێکی دیکەی ئۆکرانیا چالاک کرا

📌وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا رایگەیاند؛ هێرشێکی ئەلیکترۆنی بەرنامەی مۆبایلی وەزارەتەکەی کردووەتە ئامانج.

📌دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کە راپۆرتێکیان سەبارەت بە رووداوێک لە دووری 72 میلی دەریایی لە رۆژهەڵاتی رائس ئەلخەفجی لە سعودیە پێگەیشتووە، هاوکات کەشتییەکی نەناسراو لە گەرووی هورمز بە ئامانج گیراوە؛ لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی ئیمارات بەتوندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتیی شل (LNG)ی سەر بە کۆمپانیای “ناقیلات”ی قەتەری کرد.

📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریکا هەوڵی دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی گازی رووسی بۆ ئەوروپا لە رێگەی ئۆکرانیاوە دەدات.

📌سەرچاوە یەمەنییەکان: حوس*ییە*کان بە مووشەک یەکەی تەندروستییان لە ناوچەی “سەقیە” لە بەڕێوەبەرایەتی “مەزاربە لە لەحیج” کردووەتە ئامانج.