كارێكی تایبەتی 964

دۆشاوە تەماتەكەی بەشەخۆراكی بەغدا وەک نارنجۆك دەتەقێتەوە

محەمەد فاتیح

زۆر جار گلەیی لە مادە خۆراكیەكانی بەشەخۆراكی مانگانە دەكرێت كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت، بە تایبەتی دۆشاو تەماتەكەی كە دواجار ڤیدیۆیەكیان لەسەر بڵاوكردەوە و وتیان، كەڕووی كردووە و وەزارەتی بازرگانی عێراق رەتیكردەوە، بەڵام ئەمجارە ناتوانێت رەتیبكاتەوە، چونكە 964 ژمارەیەك لەو قووتو دۆشاو تەماتانەی لە بەردەستدایە، كە كاتێك دەیكەیتەوە وەك نارنجۆک  دەتەقێتەوە و پەرش و بڵاودەبێتەوە.

964 یەكەم لایەنە كە ئەم جۆرە دۆشاو تەماتانە ئاشكرا دەكات و داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكات لەبەر سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان لێكۆڵینەوە لەم بابەتە بكەن كە رەنگە مەترسی بێت بۆ گیانیان.

964 زیاتر لە قووتویەكی ئەو دۆشاوی تەماتەیەی شكاندووە و هەر هەمووی كە هەڵی دەبچڕیت دەتەقێنەوە و زۆربەیان پرشەیان زیاتر لە مەترێك دەڕوات.

هەر وەك لە وێنەكانیش دەركەوتووە لەسەر قووتوی دۆشاو تەماتەكە نووسراوە، “وەزارەتی بازرگانی، كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی مادە خۆراكیەكان، عێراق-بەغدا-كەڕادە-گەڕەكی وەحدە، بە تایبەت بۆ وەزارەتی بازرگانی دروستكراوە”.

964 لە سێ رۆژی رابردوو هەوڵیدا بەرپرسان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراك لە سلێمانی بدوێنێت، بەڵام كەسیان وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە، كە پێدەچێت بەهۆی پشووی جەژنەوە بێت.