گەڕەکى راپەڕینى سلێمانى
سەرەڕای پاککردنەوەی بەردەوام، بەشێک لە هاوڵاتیان زبڵەکانیان ناخەنە حاویەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
خۆڵ و خاشاک و پاشماوە لەسەر شەقامێکی گشتی لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی، بە دیاریکراوی لە نزیک هەردوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی میران سیتی و پاشا سیتی، بووەتە دیاردەیەکی ناشرین و مایەی بێزاری دانیشتووانی ناوچەکە، کە هەندێک جار ئاگری تێبەردەدرێت و بۆن و دووکەڵەکەی بەسەر ماڵاندا بڵاودەبێتەوە.
تیمی 964 سەردانی شوێنەکەی کرد و لە کاتی گەیشتنی تیمەکەدا، کارمەندانی کۆمپانیای پاککەرەوە خەریکی پاککردنەوەی شوێنەکە بوون.
ئەوەی 964 بینی و بەدواداچوونی بۆ کرد، دوو حاویەی گەورە لە شوێنەکە دانراون و رۆژانە دوو جار لەلایەن کۆمپانیای تایبەتەوە بەتاڵ دەکرێنەوە و خاشاکەکەیان لادەبرێت. بەڵام، وەک لە شوێنەکە بەدیکرا، بەشێک لە هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەکان نابن و خۆڵ و خاشاکەکانیان لە دەرەوەی حاویەکان فڕێدەدەن، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی زبڵ لەسەر شەقامەکە.
بەپێی زانیارییەکانی 964، بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان، فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لەو شوێنە بەتەواوی قەدەغە بکرێت و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح