"هیچ بڕە پارەیەک خەرج نەکراوە"
شارەوانی خانەقین شەوانی شارەکەی رووناکتر دهكاتهوه
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
زیاتر لە دوو هەفتەیە شارەوانی خانەقین هەڵمەتێکی فراوانی لە شهقام و شوێنە گشتییەکانی ناو شار دەستپێکردووه، بۆ نوێكردنهوهى سیستەمی رووناکی، شارهاونیش دهڵێت، بهردهوام دهبێت.
ئەندازیار موجبل جەمیل، بەرێوەبەری شارەوانی خانەقین سەر بە حکومەتی عێراق بە 964ـی وت، سەرجەم کارەکان لەسەر ئەرک و ماندووبونی کارمەندان کراوە و هیچ بڕە پارەیەکی وا بۆ ئەم کارە خەرج نەکراوە.
وتیشی “شهقامهكانى مەلعەب، بەرید، مەحکەمە و فلکەی حەی شورتە و پردی ئەڵوەن دووبارە رووناک و جوان کرانەوە”.
ئاماژهى بهوهشكرد، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و بڕیارە لە داهاتوودا چەند شوێنێکی تری خانەقینیش بگرێتەوە بەتایبەت شهقامى جووتسایدی گەڕەکی تۆڵەفروش کە بە یەکێک لە پڕ جموجۆڵترین شهقامەکانی شارەکە دادەنرێت.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن