قۆناغەكانی ژیانی بۆ 964 باس دەكات
كوردێكی خەڵكی سلێمانی بە پلەی باڵا بڕوانامەی له زانکۆی نۆتردام بەدەستهێنا
964+
محەمەد فاتیح
هاونیشتیمانییەكی هەرێمی كوردستان کە خەڵكی سلێمانییە و لە ئەمریكا نیشتەجێیە، توێژەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و زۆربەی كەناڵ و میدیاكانی هەرێم بانگهێشتی دەكەن و شیكردنەوەیان بۆ دەكات و زانیاریە دروستەكانیان بۆ دەخاتەڕوو، دواى ئەوەی لەئێستادا له یەكێك لە هەرە بەناوبانگترین زانكۆكانی ئەمریكا سەركەوتنی بەدەستهێناوه، تایبەت بۆ 964 دەدوێت.
بینەر كوردی دەرچووی كاروباری نێودەوڵەتی لە واشنتن له زانکۆی نۆتردام كه یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی تووێژینەوە لە ئەمریکا و لە ڕیزبەندی ٪4ـی زانکۆکانی ئەمریکایە، بڕوانامەی ماستەرى لە کارووباری نێودەوڵەتی بە پلەی باڵا بەدەستهێنا و لە رێگەی 964وە باس لەوە دەكات كه گەيشتن بەم زانکۆیانە قورسە و کێبڕکێ لەگەڵ هەزاران کاندیدی تردا دەکەیت، دەبێت ئەزموونی کاری لە پێشینەی کاریگەر و متمانەپێکراو هەبێت، زمان بە ئاستێکی زۆر بەرز بزانیت، توانای ئەکادیمی و نووسین و خوێندنەوە و شرۆڤەکردنت زۆر بەهێز بێت.
“لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كاری كردووە”
ئەو دەڵێت، “لە خێزانێکی نیشتیمانپەرەوەر لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لە دایکبووم و بنەماڵە و خێزانەکەم بەشداربوون لە قۆناغەکانی خەبات و تێکۆشان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەکەمان، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندیم لە خوێندگە ئاساییەکانی کوردستان لە سلێمانی تەواو کردووە و لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر زانکۆم تەواو کردووە”.
“پێشینەی پیشەیی هەمەجۆرم هەیە لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان وەکو یەکێتی ئەوروپا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش، گرووپی هەڵبژاردن و بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، YouGov، دەزگای ئەڵمانی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی GIZ و لەئێستادا وەکو تووێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی دەنووسم بۆ ناوەندەکانی تووێژینەوە و بیر لە ئەمریکا لەسەر بابەتەکانی ململانێی چەکداری، توندووتیژی سیاسی، ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان و گرووپە توندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بینەر كوردی واى وت.
“كارەكانی 964 بە نایاب و پیشەیی وەسف دەكات”
وتيشى، “لێرە پەیوەندییەکانمان زۆر باش و فراوانن و هەمەلایەنن، لەگەڵ ناوەندەکانی تووێژینەوە و شرۆڤەکردن، خانەکانی بیر، نووسەر و ئەکادیمیست و دیپلۆمات و سیاسیەکانی ئەمریکا لە پەیوەندیداین، گفتووگۆ دەکەین، دیدگا و تێگەیشتن و را و بۆچوون و شرۆڤەکانمان ئاڵووگۆڕ دەکەین، باسی کێشە و گرفت و تەحەدیاتەکان دەکەین، هەوڵ دەدەین باشتر تێبگەین، تاوکو بتوانین باشتر هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و شرۆڤە بکەین بۆ دۆزینەوی چارەسەری واقعی و باشتر بۆ کێشەکان”.
“گەنجانی کورد خاوەنی تواناو لێهاتوویەکی نایابن، سەرەڕای تەحەدیاتی زۆر لە پێشیان، بەڕۆحێکی بەهێز و خۆڕاگرییەوە بەردوامن لە گەیشتن بە خەون و ئامانج و ئاوەتەکانیان، نەوەیەکی زۆر زیرەک، ئیشکەر و پێشکەوتوو و لێهاتوو بەڕێوەیە کە خۆی گوونجاندووە لەگەڵ گۆڕانكارييه خێرا تەکنەلۆجی و جیهانیەکان، زۆر گرنگە چانس بدرێت بە گەنجان و پاڵپشتی و ڕێنووێنی بکرێن”.
“زۆر سوپاسی دەزگای میدیایی +964 و دیدگای پشت کارە نایابەکانتان دەکەم کە بە شێوەیەکی پیشەیانە کارەکانتان ئەنجام دەدەن”