جوتیار و خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌كان وادەکەن
له ده‌شتى قه‌راج ته‌نیا بۆ وێنه‌گرتنێك كارمامزه‌كان ده‌گرن و ئازادیان ده‌كه‌ن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له ده‌شتى قه‌راجى سنوروى قه‌زاى مه‌خمور، وه‌رزى دروێنه‌ى ده‌غڵودانه، جوتیارانیش له‌كاتى دروێنه‌دا كارمامزه بێچووه‌كان ده‌دۆزنه‌وه، ده‌یانگرن به‌ڵام ئازاریان ناده‌ن، ته‌نیا وێنه‌یه‌كیان بۆ جوانى له‌گه‌ڵ ده‌گرن و دواتریش ئازادیان ده‌كه‌نه‌وه.
گرته‌ڤیدیۆیه‌ك ده‌ست 964 كه‌وتووه، ده‌رده‌كه‌وێت، جوتیارێك كارمامزێكى له‌باوه‌ش گرتووه و ده‌ڵێت، ئه‌وه كارمامزى قه‌راجه، مامزه‌كه‌ش هه‌وڵى خۆده‌ربازكردن ده‌دات به‌ڵام پێى ده‌ڵێت په‌له‌مه‌كه ئێستا ئازادت ده‌كه‌م، دواتریش كارمامزه‌كه ئازادى ناو سروشت ده‌كرێته‌وه.
نیاز قاره‌مان، یه‌كێك چالاكوانانى ژینگه‌پارێز له سنوورى مه‌خمور به 964ـى وت، ئێستا وه‌كو مۆدێلى لێهاتووه جوتیار و خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌كان ته‌نیا بۆ گرتنى وێنه‌یه‌ك یان پارچه ڤیدیۆیه‌ك كارمامزه‌كان ده‌گرن و دواتریش ئازادیان ده‌كه‌ن.
وتیشی “كلتوورى پاراستنى ئاژه‌ڵى كێوی له سنوورى قه‌راج گه‌شه‌ى كردووه و ئاژه‌ڵه‌كان به‌راده‌یه‌كى زۆر له مرۆڤ نزیكده‌بنه‌وه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌م گرته‌ڤیدیۆیه جوتیارێكی گوندى ئازیكه‌ندى قه‌راجه، كه له سنوورى ئه‌م گونده تاوه‌كو ده‌گاته گوندى گرگراو هاوڵاتیانى خه‌ریكی دروێنه‌ى ده‌غڵودانن.