چەند چالاکییەک ئەنجام دەدرێت

تەمەنی شارە حەیاتەکە بووە 242 ساڵ

کوردستان جەلال

ئەمڕۆ 14.11.2026 تەمەنی سلێمانی، شارە حەیاتەکە و شاری هونەر و رۆشنبیری بووە 242 ساڵ.

سلێمانی لە رۆژی 14.11.1784 لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان بونیادنراوە.

شێرکۆ بێکەسی شاعیر لەبارەی سلێمانییەوە دەڵێت:

‏لە دارەشمانە ئەستێرەیەک لەدایکبوو

‏لە قەڵاچوالان بوو بە مانگ

‏مانگ هاتە خوارێ بۆ دەشتایی نێوان گۆیژە و گڵەزەردە

‏لە بەهارێکا خۆر حەزی لێکرد و هانی

‏لەدوای نۆ وەرز لە مەڵکەنی مانگ ژانی گرت و کوڕێکی بوو

‏برایم پاشاش ناوی لێنا سلێمانی!

سلێمانییەکان ساڵانە لەمڕۆژەدا بە چالاکیی جیاواز یادی بونیادنانی شارەکەیان دەکەنەوە.

چەند شوێنێکی شارەکە بووەتە سیمبول و ناسنامە، لەوانە بەردەرکی سەرا، شەقامی سالم و سەهۆڵەکە، لای سینەماکان و مزگەوتی گەورە، قەیسەری نەقیب و بەلەدیەکە، مەولەوی و چەندین شوێنی دیکە، بەجۆرێک بوونەتە سیمبول کاتێک کەسێک لە دەرەوەی سلێمانییەوە سەردانی شارەکە دەکات، ئەگەر نەچێتە یەکێک لەو جێگایانە بە سەردانی نازانێت!

یان دەبێت کە سەردانی سلێمانیت کرد بچیتە گۆیژە و ئەزمەڕ و تێر لە سیمای شارەکە لەو بەرزییەوە بڕوانیت.

سلێمانی چەند نازناوێکی وەک شارە حەیاتەکە، شاری رۆشنبیری، شاری هەڵمەت و قوربانی هەڵگرتووە.