خەڵاتکردنی خوێندکارەکە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بۆ کێبڕکێی لاوان چووە
لە ماڵدیڤ خوێندكارێكی زانكۆی سلێمانی سێ خەڵاتی بەدەستهێنا
964+
ئەحمەد مستەفا
خوێندكارێكی زانكۆی سلێمانی، کە لە كۆلێژی هونەر بەشی فیلمسازی دەخوێنێت، لە پێشبڕكێی لاوانی جیهان بەشداری كرد و سێ خەڵاتی بەدەستهێنا.
رۆژی 1.5.2025، لوتكەی سەركردەی لاوانی جیهان، بە بەشداری 90 گەنج لە تەواوی جیهان لە دورگەی ماڵدیڤ دەستی پێكرد.
ئەوانە لەسەر دەستپێشخەری سەرکردایەتی گەنج کار دەکەن، بابەتەكانی لوتکەکە لە ئەمساڵ بریتی بوو لە (هەمەڕەنگی – Inclusivity، گشتگیری -Diversity)، وە ماوەی چوار رۆژی خایاند.
ئەمڕۆ شەممە 25.5.2025، بەپێی ئەو هەواڵەی لە راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، خوێندکار “زەند هێرش”، خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لە كۆلێژی هونەر بەشی فیلمسازی، بەشێوەیەكی چالاك بەشداری لە پلاتفۆڕمەکەدا كردووە و توانیویەتی سێ خەڵات بەدەست بهێنێت. خەڵاتەكانیش بۆ باشترین سەركردایەتی، دروستكردنی ناوەڕۆك و نوێنەرایەتیی بووە.
بزوتنەوەی لاوانی جیهان، لە بوارەکانی گەنجی سەركردە، سەركردایەتی، گەنجی كارساز، بەهێزكردنی كۆمەڵگە، بیركردنەوەی داهێنەرانە، ساڵانە لوتکەکانی بۆ گەنجانی داهێنەر و پێشکەوتوو ساز دەکات، كە لە رێگەیەوە لاوانی جیهان بەگشتی دەتوانن بیرۆكەكانی خۆیان بخەنەڕوو، كار بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و جیهانییەكان بكەن.