35 سەر ئاژەڵ سووتان
“تەلەفونم بۆ هات وتیان فریاکەوە خانەکانت ئاگرى گرت”
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
لە گوندى بەکراواى ناحیەى سیروانى سەر بە پارێزگاى هەڵەبجە، دوو خانى بەخێوکردنى ئاژەڵ ئاگریان گرت و زیانێکى زۆرى مادى لێکەوتەوە و نزیکەى 35 سەر ئاژەڵیس سووتان.
نەوشیروان خالید کە ئاژەڵدارێکى ناوچەکەیە و خاوەنى خانەکانە، بە 964ـى وت،”تا 11:30 خولەکى پێشنیوەڕۆ لەوێ بووم، رۆشتمەوە بۆ ماڵەوە پشوویەک بدەم، کاتژمێرێک دواتر تەلەفونیان بۆ کردم و وتیان فریاکەوە خانەکان ئاگریان گرت”.
بەپێى گێڕانەوەى ئەو خاوەن خانە، کە گەیشتووە هەردوو خانەکە بە تەواوى سووتاون، بەڵام پێش ئەوە دەرودراوسێ قۆڵیان لێهەڵماڵیوە و هەرچى فریاکەوتوون لە ئاژەڵەکان رزگاریان کردووە.
بە وتەى نەوشیروان، سەرەڕاى سووتانى کا و ئالیکى زۆر، لاشەى نزیکەى 35 سەر ئاژەڵیش لە ژێر داروپەرودووى خانەکە بینوە کە سووتاون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح